لاهور شێخ جەنگی: بە هەموو شێوەیەک دژی شەڕی براكوژیین

(0) / / کردستان / زایەڵە یەكێتیی نیشتمانی لاهور شێخ جەنگی پێشمەرگە


Jun 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێڕای دەربڕینی دژایەتی خۆی لەگەڵ هەر چەشنە شەڕی براکوژی، سەركۆنەی ئەوانەشی کرد کە بیانەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخەنە مەترسییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرجەم فەرماندە و دەرەجەدار و لیواكانی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، دژی هەموو شەڕێكی براكوژیین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەین كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە.
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند"لە بەغدا چەندین كۆبوونەوەی گرنگ و بەرهەمدارمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لایەنی حكومی ئەنجامدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە ڕەچاوكردنی دەستووری عێراق لەپێناو دابینكردنی شایستە داراییەكان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان".
هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی باسی لە دۆخی ئەمنیی هەرێمی كوردستان كرد و جەختیكردەوە؛ دژی هەموو شەڕێكی براكوژیین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەن كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەك بەشدار و لایەنگری شەڕێك نابین كە خوێنی كورد بە دەستی كوردی تیادا بڕژێت.
سەبارەت بە یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە هاوسەرۆکى یەکێتى ئاماژەی بە پڕۆسەی چاكسازیی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و ئامادەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمانی دووپاتكردەوە بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی یەك هێزی نیشتمانی پڕچەك و مەشقپێكراو كە پارێزەری خاك و خەڵكی كوردستان بێت، پێزانینی خۆی پێشكەش بە فەرماندە سەربازییەكان كرد كە لەو پێناوەدا هەنگاوی گرنگیان ناوە.
هاوكات ئەوەشى خستەڕوو، بوونی هەمئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی دووپاتكردەوە بۆ بەردەوامی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی كە بۆشایی ئەمنی تێدا هەیە بۆ لەناوبردنی خانە نوستووەكانی چەكدارانی داعش.
دەربارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، لاهور شێخ جەنگی یەكدەنگی كوردی بە گرنگ زانی بۆ بەهێزی پێگەی كورد لە بەغدا، پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە نێوان یەكێتیی و بزووتنەوەی گۆڕانی بە دەستكەوتێكی گەورە لە قەڵەمدا بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كورد و یەكڕیزیی نیشتمانی، هیواشی خواست كە سەرجەم لایەنە كوردییەكان لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا كۆببنەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی كورد بكەن و پێگەی هەرێم بەهێزتر بكەن.