لاهور شێخ جه‌نگى: ڕێگەنادەین پەلکێش بکرێین بۆ شەڕی بەوەکالەت / بەغدا بۆ ئێمە گرنگە

(0) / کردستان


Jun 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان وێڕای جەخت لە سەر ئەوەی کە حیزبەکەی هەوڵی جدی دەدات بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی هەڵگیرسانی ئاگری شەڕی براکوژی لە کوردستان، بەغدای بۆ پاراستنی سەنگی کورد بە گرینگ زانی.
بەپێی راپۆرتی زایەڵە، لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌میانى كۆبونه‌وه‌ى لەگەڵ سەرجەم لێپرسراوو ئەندامانی مەکتەب‌و بۆردەکانی حزبه‌كه‌ى ڕایگه‌یاند،  "یەکێتیى حزبێکى دوربینەو بە شێوەیەکی واقیعی دەڕوانێتە مەسەلەو ڕووداوو پێشهاتەکان‌و بەرژەوەندیی باڵاى گەل ڕەچاو دەکات‌و دەیخاتە ڕیزى پێشەوە".
وتیشى:"سوربون‌و پێداگرییمان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، تەنها بۆ موچە نەبووە، بەڵکو بەغدا بۆ ئێمە گرنگە و بەهێزی پێگەی کورد لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی‌و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانی‌و نەتەوەییەکانمانە".
هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى وتویه‌تى:"دواتر خۆمان بەشداربووین لەنووسینەوەی دەستوورو زۆرینەی کورد دەنگی پێداوەو هەر ئەو دەستوورەش دەکەینە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان‌و پشتیوانێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تریش بەتایبەتی کەرکوک‌و ناوچە کێشە لەسەرەکان".
لاهور شێخ جەنگی له‌باره‌ى دۆخی ئەمنی هەرێمیشه‌وه‌ جەختیكرده‌وه‌، "دژی شەڕی براکوژین‌و ڕێگەنادەین پەلکێش بکرێین بۆ شەڕی بەوەکالەت، بێدەنگیش نابین‌و لەداهاتووشدا هەوڵی جدی دەدەین بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی هەڵگیرسانی ئاگری ئەو شەڕە".