وەزیرى تەندروستى عێراق: بەباشی کۆنترۆڵى کۆرۆنا کراوە

(0)


Jan 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزیرى تەندروستى عێراق ڕایگەیاند، بەشێوەیەکى باش لە عێراقدا کۆنترۆڵى ڤایرۆسى کۆرۆنا کراوە و هۆشداریش دەدات ئەو لایەنانەى زانیارى ناڕاست بڵاودەکەنەوە ڕێوشوێنى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.  
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، حەسەن تەمینى وەزیرى تەندروستى عێڕاق بە ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراقى وتووە، عێراق بەباشى کۆنترۆڵى پەتاى کۆرۆناى کردوە و ڕێژەى چاکبونەوە گەیشتوەتە 93% ە گیانلەدەستدان 2% و توشبوونیش 2%ە، ئەو داتایانەشى ڕۆژانە بڵاودەکرێنەوە شەفاف و ڕاستن و ئەنجامى پشکنینەکان پیشان دەدەن کە ڕۆژانە 4 هەزار پشکنینن.  
سەبارەت بە نەوە نوێکەى کۆرۆنا تەمیمى وتویەتى، نەوە نوێکە تایبەتمەندى ئەوەى هەیە کە خێرا بڵاودەبێتەوە، ئەگەر لە عێراق بونى هەبوایە ئەوا توشبوان چەند هێندەى پێشوو دەبوون، ئەو نەوە نوێیەش پێویستى بە تاقیگەى تایبەت هەیە.  
وەزیرى تەندروستى عێڕاق ئەوەشى ڕونکردوەتەوە، هەندێک لایەنى ڕاگەیاندن نابەرپرسن و لێدوان دەدەن کە ئامانج لێیان بڵاوکردنەوەى ترسە لەنێوان هاووڵاتیاندا، داواش لەو ڕاگەیاندنە و بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکات کە هۆشیاربن لەو جۆرە لێدوانانە، چونکە دەبێتە تۆقاندنى کۆمەڵگا و دروستکردنى کێشەى ڕاستەقینە لەنێوان خەڵکدا.  
جەختیلەوەشکردوەتەوە، ژیان لە عێراق گەڕایەوە ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى داوا دەکەین پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە، وەزارەتى تەندروستیش ڕێوشوێنى یاسایى دژى هەرکەس دەگرێتە بەر کە زانیارى نادروست بڵاودەکاتەوە.  
کۆتایی/.