شێرکۆ میروەیس: لایەنە شیعەکان پشتیوانی یەکێتی دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار

(0) / کردستان


Jun 12, 2021

قەبارەی فۆنت:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی، ئاماژەبەوەدەکات لەسەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی حیزبەکەیدا بۆ بەغدا، بەوردی پرسی سەرۆک کۆماری لەگەڵ لایەنەکان بەتایبەت لایەنە شیعەکان باسکردووە، پەیامی حیزبەکەی بەگوێی لایەنەکاندا داوە، بەوەی سورن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە،شێرکۆ میروەیس کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیە و لە کۆبوونەوەی هاوسەرۆکی حیزبەکەی و لایەنە عێراقیەکاندا بەشداربووە، لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دەڵێت "پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆک پەرلەمان بۆ سونە، بووەتە بنەما لە عێراق دا، ئەو مقۆ مقۆیانەی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەکورد دروستبوون، پەیوەندی بەنزیکبوونەوە لەهەڵبژاردن و تەسعیداتی هەندێک لایەنەوە هەیە، بەتایبەت هەندێک لایەن لەدۆخی خۆیان نیگەرانن و ڕەنگە پەیامی تریان هەبێ و بیانەوێ بیگەیەنن."

جەختیکردەوە"وەفدە کوردیەکان کەهاتوونەتە بەغدا، بەڕوونی ئەو پەیامەیان داوەتە لایەنە شیعەکان، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتیە، بۆیە دەستبەرداری نابین."

بەپێی وتەی شێرکۆ میروەیس، باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەسەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوویدا بۆ بەغدا، پەیامی ئەوەی بەڕوونی گەیاندووەتە لایەنە شیعەکان، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کورد و یەکێتیە و دکتۆر بەرهەم ساڵەح ی سەرۆک کۆماریش، کاندی فەرمیانە بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی کۆمار.

دەربارەی هەڵوێستی لایەنە شیعەکان لەبەرامبەر کاندیدکردنەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵەح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن یەکێتیەوە، پەرلەمانتارەی یەکێتی وتی"لایەنەکان بەتایبەت شیعەکان هاوڕا و پشتیوانمانن."

شێرکۆ میروەیس لەبارەی خواست و هەوڵەکانی عەرەبی سونە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و دەستبەرداربوون لەپۆستی سەرۆکی پەرلەمان، جەختیکردەوە"جگە لەو قسە لابەلایانەی دەکرێت، لەنێو کۆبوونەوە فەرمیەکاندا، هیچ گرفتێک سەبارەت بەپۆستی سەرۆک کۆمار نەهاتووەتە پێش."

کاندیدکردنەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵەح ی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن یەکێتیەوە بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی، لەکاتێکدایە دەوترێت ئێرانییەکان لە ئەدای سێ و ساڵ و نیوی ناوبراو ڕازی نین و شیعەکانیش لە جوڵەکانی توڕەن، بەڵام شێرکۆ میروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرکردەی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستورە و دەسەڵاتەکانی دیارە، کوردیش نیگەرانە و هێشتا بەشێک لە داواکاریەکانی جێبەجێنەکراوە، هەندێک لایەنی تریش لەم کابینەیەی حکومەت نیگەرانن، بۆیە نیگەرانی لەهەموو لایەک هەیە، وتی"واردە سەرۆک کۆمار لەپرسێکدا لایەنێکی دیاریکراوی نیگەران کردبێت، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاردەر دەستور و پارێزگاریکردنە لەدەستور، کاری سەرۆک کۆمار و سەرۆک پەرلەمان ڕازیکردنی لایەنەکان نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی دەستورە، بۆیە دەکرێت نیگەرانییەکان بڕەوێنەوە، بێگومان ئێمەش نیگەرانین لە ئەدای لایەنەکانی تر لەو شوێنانەی بەدەستیانەوە بووە، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە چۆن بتوانین عێراق بینا بکەینەوە."