پەرلەمانتارێک  بۆ زایەڵە: پرسیارمان ئەوەیە بۆچی لە هەرێم بەنزین گرانە و لە بەغداد هەرزانە؟

(0) / / گفتگو / ئازاد گەڵاڵی زایەڵە نرخی نەوت بەنزین پاڵاوگە


Jun 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

بڕیاردەری  لیژنەی وزە و  سامانە سروشتیەکانی   پەرلەمانی  کوردستان ئاشکرای دەکات، پاڵاوگەكانی كوردستان نەوت و بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێون و لیتری دەدرێتە 450 دینار، بەڵام لەبازاڕەكانی هەرێم بە 800 و 900 دینار دەیفرۆشنەوە.
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە  سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، پاڵاوگەكانی " كار، قەیوان، لاناز" توانای دابین كردنی نەوت و بەنزینی كوردستانیان هەیە. نرخی لیترێك بەنزین خەریكە لە هەزار دینار نزیك دەبێتەوە، بەرپرسان بیانوو دەهێننەوەو دەیخەنە  ئەستۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.
وتیشی، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی لە هەرێم نرخی لێترێك ئەوەندە بەرزە و لە عێراق و ناوچە كوردستانیەكانیش 450 دینارە و بە جێگیری ماوەتەوە و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و بەهای دۆلاریش كاریگەری لەسەری درووست ناكات.
لە هەرێمی كوردستان دوو پاڵاوگە هەیە، هەردووكیان نەوت و بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێون.
ڕونیشیکردەوە، پاڵاوگەی كار لە هەولێر رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێویت و 25 هەزار دەداتەوە بە عێراق و 25 هەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆ دەپاڵێوێت، ئەوەی بۆ عێراقی دەنێرێتەوە لیترێ دەدرێت بە 450 دینار بەڵام ئەوەی بۆ ناوخۆی هەرێم دەیپاڵێوێت لیتری دەیداتە 800 و 900 دینار.. بۆچی بۆ عێراق بە 450  دینار و بۆ هەرێمیش (800 ) دینار.
لە پارێزگای سلێمانی پاڵاوگەی بازیان  قەیوان هەیە و رۆژانە نزیكەی 40 هەزار بەرمیل نەوت و بەنزین دەپاڵێویت و دەینێرێتەوە بۆ عێراق، لەوێ لیتری دەدرێتەوە بە 450 دینار.!!
پاڵاوگەی لاناز رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و نەوتە خاوەكە لە سوریا دەكڕێت و بەرهەمەكەی لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێتەوەو بە نرخی بازار كە لە ئێستادا 800 بۆ 900 دینارە.
باسی لەوەشکرد، ئەمە جگە لە بێ پلانی حكومەت و گیرفان قوڵی سەرمایەدارانی كورد نەبێت چیە..؟؟ واتای چی عێراق نەوتەكەی لە هەرێم بپاڵێوێت و بیباتەوە لای خۆی بیداتە 450 دینار و لە هەرێم و بە تەنیشت پاڵاوگەكانەوە نرخی لیترێك بەنزین 800 و 9009 دینار بێت.
حكومەت تا كەی پلانی ژێرخانی ئابوری و ووزەی خۆی نیە، واتای چی رۆژانە 430 هەزار بەرمیل نەوت بە دەرەوە دەفرۆشێت و دەیەوێت بەردەوام رێژەكەش زیاد بكات بەڵام ناتوانێت نەوت بداتەپاڵاوگەكانی ناوخۆ بۆ ئەوەی بەنزین و نەوتی سپی بۆناوخۆ دابین بكەن، لە كاتێكدا حكومەت قازانجیەتی ئەو نەوتەی خۆی لەناو خۆ بپاڵێویت و لەناو خۆدا بیفرۆشێت پارەی زیاتر دەستدەكەوێت، واتا ئەگەر بەرمیلێك نەوت بە دەرەوە بفرۆشێت و بەرمیلێكیش لەناوخۆدا داهاتی ناوخۆی زۆر زیاتر دەستدەكەوێت. بەڵام لە بەرامبەر چاوپۆشین لەسەرمایەداران حكومەت خەمی هاوڵاتیانی خۆی نیە، لیترێك بەنزین بە هەزار دینار بكڕن.
حكومەت و بەرپرسان لەبری ئەوەی هەوڵی چارەسەری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بدەن، بیانووی بێ پاساو دێننەوە، گوایە نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبووەتەوەو بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە بۆیەنرخی بەنزینیش بەرزبووەتەوە، ئەی ئەوكاتەی نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە خوار 20 دۆلار بۆچی نرخی لیترێك بەنزینتان نەكردە 200 دینار.
زیاتر وتی،  ئێستا پاڵاوگەی كار توانای بەرهەمێهێنای رۆژانەی  4 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی هەیە، پاڵاوگەی قەیوان توانای بەرهەمهێنانی  2 ملیۆن لیتر بەنزینی هەیەن لانازیش بەهەمان شێوە، تاكەی حكومەت ئەو پاڵاوگانە ناچار ناكەن نەوتی سپی و بەنزین بۆ ناوخۆ بپاڵێون و  چیتر چاویان لە بەنزینی دەرەوە نەبێت.
سازدانی   - کامەران کەریم