ئایەتوڵڵا خامنەیی: گەلی ئێران براوەی هەڵبژاردنەکان بوو

(0) / / ایران / زایەڵە ئایەتوڵڵا خامنەیی شۆڕش ئیسلامی هەڵبژاردن ڕەئیسی


Jun 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا گەلی ئێرانی بە براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە ناو برد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دەقی پەیامەکەی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە درێژەدا هاتووە:
بسم اللە الرحمن الرحیم
گەلی گەورە و سەربەرزی ئێران
بەشداری کەم وێنە و پڕ لە شانازی لە هەڵبژاردنەکانی 28 ی جۆزەردان، لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەی لە سەر شانازییەکانی ئێوە زیاد کرد. لە هەلومەرجێکدا کە بە هەر هۆکارێک دەیتوانی کاریگەری لە سەر ڕێژەی بەشداری خەڵک دابنێت، دیمەنەکانی بەشداری کەم وێنەی ئێوە و ئامادەبوونتان لە ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری وڵات، هێمایەکی ئاشکرای ئیرادەی بەهێز و دڵی پڕ لە هیوا و چاوانی بێدار بوو.
براوەی هەڵبژاردنەکانی هەینی، گەلی ئێرانە کە جارێکی دیکە لە بەرامبەر بانگەشەی میدیاکانی بەکرێگیراوی دوژمن و پیلانگێڕی کاڵفامان و ناحەزان، هێزی خۆیان پیشاندا و ئامادەبوونی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسی وڵات بە جیهان پیشان دایەوە. نە گلە و گازندەی دۆخی دژواری ژیان بە تایبەت لای چینی هەژار و کەم داهات، نە کاریگەرییەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا، نە دژایەتی ئەوانەی کە چەندین مانگە هەوڵی پاشگەزبوونەوەی خەڵک دەدەن و نە تەنانەت هەندێک کەموکوڕی لە ڕۆژی دەنگدان لە چەند کاتژمێرێکی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، هیچ یەک لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کە بە سەر ئیرادەی گەلی ئێراندا زاڵ بێت و هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە تووشی کێشە بکات.
لە بەرامبەر ئەم سەرکەوتنەی گەلی ئێران سوپاسی خودای گەورە دەکەم، پیرۆزبایی لە گەلی گەورەی ئێرانیش دەکەم، پیرۆزبایی لەوانەش دەکەم کە بوونەتە براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنەکانی شار و گوند، ستایشکردنی ئەم گەلە بەوەفایە و خزمەتکردنی ئەوان بەردەوام وەبیر دێنمەوە، ڕێز لەم دەرفەتەی خزمەتگوزاری بە گەلی ئێران بگرن و لە هیچ کاتیشدا خودای گەورە لە بیر نەکەن.
دەستخۆشی لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە بە چەشنێک ڕۆڵیان لە سەرکەوتنی ئەم ئەزموونەدا هەبووە.
سەید عەلی خامنەیی
29 ی جۆزەردانی 1400 ی کۆچی هەتاوی.