نەسروڵڵا ڕەشنودی بۆ زایەڵە: پێوەندیی ئابوریی تاران لەگەڵ هەرێم و بەغدا لە کابینەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بەرفراوانتر دەبێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە تاران هەولێر ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ڕەشنودی


Jun 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر پیرۆزبایی خۆیی بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار ڕاگەیاند و وتی کە بوونی جەنابی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران دەتوانێت گەشەی ئابوری ئەم وڵاتە و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بە دواوە بێت.
نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە، وتی: پەیوەندییەکی بەهێز و زۆرباش لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە و بوونی ئەم پەیوەندییە بەهێزە کاریگەری خۆیی لە سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان داناوە.
ناوبراو وتی: لە هۆکارە کاریگەرییەکانی سەر پەیوەندی دووقۆڵی نێوان تاران و هەولێر دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بدەین: خواست لە سەر کاڵای ئێرانی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆرە، سنورێکی بەرفراوانی هاوبەش کە لە نێوان هەر دوو لادا هەیە، بوونی 7 دەروازەی هاوبەش کە 4 دەروازەی سنوری فەرمی و 3 دەروازەی لاوەکییە، (دەروازەکانی تەمەرچین یان حاجی ئۆمەران، سەیرانبەند، باشماخ و پەروێزخان بە دەروازە فەرمییە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دادەنرێن و دەروازە نافەرمییەکانی شێخ سڵە، شۆشمێ و کێلێ). لەم دەروازە فەرمی و نافەرمییانەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەیە.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە درێژەدا وتی: ئەم سنورە بەرفراوانە هاوبەشە وایکردووە کە پارێزگا سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان زیاترین پەیوەندییان هەبێت، هاتووچۆی ئاسان کردووە و نزیکبوونی جوگرافی و ئەو کاتە کەمەی کە بۆ گواستنەوەی کاڵا و بەرهەمەکان پێویستە، کاریگەری بەرچاوی هەبووە.
ڕەشنودی وتی: زمانی هاوبەش بە تایبەت لە پارێزگا سنورییەکان وایکردووە کە بازرگانانی هەر دوو لا بە ئاسانی لە پەیوەندیدا بن، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەتوانێت کاریگەری خۆیی لە سەر پەیوەندییە بازرگانییەکان هەبێت. کۆی گشتی ئەم هۆکارانە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کاریگەری خۆیی لە سەر بەهێزبوونی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بواری بازرگانیدا داناوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، وتی: نەبوونی موڵەتی گواستنەوەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە ساڵانێکە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و بە چەند هۆکارێک جێبەجێ نەکراوە، هەندێک بڕیاری کاتی کە بە پێی یاسا و پێودانەکان نییە و بووەتە هۆکاری بەشێک لە کێشەکان و کاریگەری نەرێنی لە سەر بازرگانیی نێوان هەر دوو لا دادەنێت، بۆ نموونە، بۆ ڕاگەیاندنی بڕیاری قەدەغەکردنەکان دەبێت لانیکەم 15 ڕۆژ زووتر لایەنی بەرامبەر ئاگادار بکرێتەوە، بەڵام هەندێک کات بڕیارێک لە لایەن بەرپرس و وەزارەتێکەوە دەرکراوە کە بووەتە هۆی زیانی لایەنی بەرامبەر، بانگەشەی هەندێک لە میدیاکان کە بە ئەنقەست یان هۆکاری دیکە بووەتە هۆی دەرکردنی بڕیارەکان کە زیانی بە دواوە دەبێت و یەکێکە لە کێشەکانی نێوان هەر دوو لا.
نەسروڵڵا ڕەشنودی هەروەها وتی: ماتەڵی زۆر لە دەروازە سنورییەکان هەندێک کات وایکردووە کە زیان بە هەندێک کاڵا و بەرهەمی هەناردەکراو بگات، ئاڵوگۆڕی کاڵا و بەرهەمەکان لە بارهەڵگرێکەوە بۆ بارهەڵگرێکی دیکەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە بازرگانان و بۆ نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دەزگاکانی ستانداردی هەر دوو لا دەگەڕێتەوە.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر سەبارەت بە بوونی ڕکابەرەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لە سەر داهاتووی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان تاران – هەولێر، وتی: لە کەرتی بازرگانیدا بوونی کێبڕکێ بابەتێکی گرنگە، کاڵای شیاو، بەکوالیتی، نرخی گونجاو و دەسکەبەندی جوان دەتوانێت کڕیاری زۆری هەبێت، هەروەها ئەو کاڵایەی کە دەتوانێت ئاسانتر بە دەستی کڕیارەکانی بگات، ئەمانە دەتوانێت هێزی کێبڕکێی وڵاتان زیاتر بکات و ئەگەر ئێمەش هەنگاوی لەم شێوەیە هەڵنەگرین بە دڵنیاییەوە کە لایەنی بەرامبەرمان ئەمە جێبەجێ دەکات.
وتیشی: بە پێی ئەو هەلومەرجەی کە دەبینرێت کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان شوێنی خۆیی کردووەتەوە و وەبەرهێنەران و هەناردەکارانی ئێرانیش خۆیان بە پابەندی ئەو خاڵانە و لە بەرچاوگرتنی ستانداردی پێویست دەزانن.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە کۆتاییدا سەبارەت بە کاریگەری ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە سەر پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان، وتی: خۆشبەختانە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەشێکی ئارام و بە بەشداری بەرچاوی خەڵک بەڕێوەچوو و هاووڵاتیانی ناوخۆ و دەرەوە جارێکی دیکە حەماسەتێکی نیشتمانییان خوڵقاند کە بە دڵنیاییەوە بە پێی سیاسەت و تێڕوانینی جەنابی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو لە بواری ئابوری و کارنامەی ئابوریی ناوبراو لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بە تایبەت لە بواری چالاککردنی کارگەکان و هەروەها هێزی پسپۆڕانی گەنج و کۆمپانیا ئێرانییەکان کاریگەری ئەرێنی خۆی دادەنێت و من هیوادارم کە بوونی جەنابی ڕەئیسی لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دەتوانێت گەشەی ئابوری ئێران و پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بە دواوە دەبێت./.