ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی: تەقەمان لێکراوە

(0) / / کردستان / زایەڵە پارتی سلێمانی تەقە


Jun 24, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی رایگەیاند، لە سلێمانی تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و تەقەکەرەکانیش دراونەتە لایەنی پەیوەندیدار، دەشڵێن، "ئەم رەفتارانە چەندە ئیستفزازکردنی پارتییە هێندە زیاتر سوکایەتیە بە یاسا و لایەنی پەیوەندیداری حوکمەتی خۆجێی."
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا و لەلایەن پاسەوانانی بارەگای ئەنجومەنەوە تەقەکەرەکان دەسگیرکراون، ئەوەش هاتووە، "بۆ رێزگرتن لە یاسا تەقەکەرەکان تەسلیم بە لایەنی پەیوەندیدار کراون."
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم جۆرە رەفتارانە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی ناکات دەبێتە هۆی شڵەژانی دەروونی خەڵک و شێواندنی بازاڕ، لەلایەکی دیکەوە ئەم رەفتارانە چەندە ئیستفزازکردنی پارتییە هێندە زیاتر سوکایەتیە بە یاسا و لایەنی پەیوەندیداری حوکمەتی خۆجێی."
دەشڵێن، "داوا دەکەین هیچ هێزێک کێشەکانی خۆی نەگوازێتەوە بۆ فەزای گشتی، چونکە دواجار لەسەر ئاستی گشتی خۆیان باجی دەدەن، لای خۆمانەوە داوا دەکەین یاسا رێوشوێنی یاسایی خۆی بگرێتەبەر."