داعش ویستویەتی هێرشبکاتەسەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژە تیرۆر لە هەولێر

(0) / / کردستان / زایەڵە دژەتیرۆر داعش خەلیفە هەولێر


Jul 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەنجوومەنی ئاسایش دانپێدانانی ئەندامێکی داعش بڵاودەکاتەوە کە "ویستویەتی هێرشبکاتەسەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژە تیرۆر لە هەولێر،" ئامانجیشی رزگارکردنی زیندانییەکانی داعش بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، دانپێدانانی ئەندامێکی داعشی بڵاوکردەوە کە ویستوویەتی هێرشبکاتەسەر بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆر و "خودی خەلیفەی داعش رایسپاردووە" بۆ ئەو کردەوەیە.
لە راگەیێندراوی دژە تیرۆری کوردستاندا هاتووە، "تیرۆریستەکە ناوی سەبهان عەبدولسەلامە.. بەر لە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکە لە ناو شاری هەولێر دەستگیرکرا".
 لەبارەی ناسنامەی ئەو ئەندامەی داعش، تۆمەتبارەکە دەڵێت، "دانیشتووی موسڵم و لەدایکبووی 1970ـم، ساڵی 2014 چوومە ریزەکانی داعش، ئەو کاتە لە دەستەی پێشخستن و پیشەسازی و لە بەشی تەقاندنەوە دامەزرام، لە ریزەکانی داعش کارم دەکرد تاوەکو ئەو کاتەی موسڵ ئازادکرا".
 بە گوتەی ئەندامەکەی داعش، ماوەیەک لە کەرکووک ماوەتەوە و دواتر چووەتە هەولێر و تەلەفۆنی بۆ برایەکی کردووە بە ناوی مەحموود کە لە پارێزگای سامسۆنی تورکیایە. ئەوەش بە مەبەستی ئەوە بووە کە دووبارە پەیوەندیی بە ریزەکانی داعش بکاتەوە و ئەوانیش داواکەیان قبووڵکردووە.
 سەبهان لەبارەی هێرشکردنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆر دەڵێت، "پێش ماوەیەک یاسر کە ناسراوە بە ئەبو عەزام تەلەفۆنی بۆ کردم داوای کرد وێنەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژە تیرۆری بۆ بنێرم، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێک بکەم بۆ دەربازکردنی زیندانییەکانی داعش لە هەولێر بە فەرمانی خەلیفەی داعش".
 دژە تیرۆری کوردستان دەنگێکی تۆمارکراوی ئەبو حەمزە ئەلقورەیشی، گوتەبێژی داعشی دەستکەوتووە کە تێیدا ئاماژە بە قسەکانی خەلیفەی داعش و کردەوەکانی رێكخراوەکە دەکات و دەڵێت، "لە هەردوو ویلایەتی عێراق و شام، خەلیفە فەرمانی کردووە کە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی دیواری زیندانەکان بشکێنن... هیچ دەرفەتێک بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لەدەست مەدەن".
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە ئەو ئەندامەی داعش بە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆری کوردستان تێدەپەڕێت و وەکو خۆی باسی دەکات، ڤیدیۆیەکی بۆ ئەبو عەزام تۆمار کردووە و بۆی ناردووە. دواتر ئەبو عەزام پێی گوتووە، "ماددەی تەقەمەنی و ژمارەیەک کەست بۆ دەنێرم بۆ ئەوەی چالاکییەکە ئەنجام بدەی". بەڵام پێش ئەوە دەستگیرکراوە.