شاندێکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کازمی سەردانی ئەمریکا دەکەن

(0) / / کردستان / زایەڵە هەرێمی کوردستان ئەمریکا عێراق


Jul 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

بڕیارە رۆژی 26ـی ئەم مانگە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و چوار کەسیش بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لەنێو شاندەکەدا دەبن.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێكدا لەبارەی سەردانەکەی کازمی رایگەیاندووە، "سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی رۆژی 26ـی تەممووز پێشوازی لە مستەفا کازمی دەکات؛ لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تاوتوێی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی دوولایەنە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی هەردوولادا دەکرێت."
 کۆشکی سپی هەروەها دەڵێت، "هەر لەو سەردانەدا جەخت لە چەند پرسێکی گرنگی بەرژەوەندیی هاوبەش دەکرێتەوە، بەتایبەت لە کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، کولتووری، وزە و کەشوهەوا."
 کۆشکی سپی لەبارەی هەڵوێستی بایدن دەربارەی عێراق نووسیویەتی، "سەرۆک بایدن چاوی لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و هاوئاهەنگییە لەگەڵ عێراق لە بواری سیاسی، ئابووری، پرسە ئەمنییەکان، لەنێویاندا هەوڵی هاوبەش بۆ دڵنیایی لە شکستی یەکجارەکی داعش."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە یاوەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن پێکهاتوون لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەمید هەژار ئیسماعیل، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و لاوک سەڵاح، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
 سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ واشنتن لە کاتێکدایە، بنکە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق جاروبار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە ئامانج. جۆ بایدن لەو کاتەوەی لە 20ـی کانوونی دووەمدا دەستبەکاربووە، دووجار فەرمانی بۆردوومانکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی داوە.
 حوسێن عەللاوی، راوێژکاری مستەفا کازمی پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، "بڕیارە بەمنزیکانە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان بەڕێوەبچن."
 رۆژی پێنجشەممە 15-7-2021، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
 بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکان، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕی داهاتووی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، میکانیزمی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان لە عێراق و گواستنەوە بۆ قۆناخێکی نوێ لە هاوکاریی ستراتیژی، پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئاسایش و سەروەریی عێراق. ئەمە وێڕای فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری، رۆشنبیری و بازرگانی و تەندروستی و رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا."
 بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا دۆخی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و جەخت لەوەکراوەتەوە، ناوچەکە پێویستی بە سەرخستنی دیالۆگ و هێورکردنەوەیە لەگەڵ رۆڵی گەشەسەندووی عێراق لەو بوارەدا.