شاسوار عەبدولواحید: ئەم پارەی بەنزینە کە گرانیان کردووە، دەچێتە گیرفانی دوو گروپەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە شاسوار عەبدولواحید بەنزین


Jul 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا کە ئاراستەی رای گشتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، سەبارەت بەگرانی مانەوەی نرخی بەنزین رایگەیاند، "نەوەی نوێ نزیکی یەک مانگە بەردەوامە لە بەنزین دابەشکردن بە ٥٠٠ دینار، پارتی و یەکێتیش بەردەوامن لە سەرانە سەندن لە خەڵک و پارە زیاد وەرگرتن لە بەنزین".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەوتەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، "ئەم پارەی بەنزینە کە گرانیان کردووە، دەچێتە گیرفانی دوو گروپەوە، یەکەمیان ھاوسەرۆکی یەکێتی (کە نازانم ئێستا سەرۆکە یان ھاوسەرۆک) کە لە دەروازەکان بۆ ھەر یەک تەن بەنزین ١٠٠ دۆلار وەردەگرن سەرانە بۆ حیزب، لە سنوری پارتیش کەسێکی ناو بنەماڵەی بارزانی بەرپرسە لەو پاڵاوتگە نوێیەی کە دانراوە و نرخیان زیاد کردوە بۆ ئەوەی رۆژانە تەنھا لە بەنزیندا سەروو یەک ملیۆن دۆلار بخەنە گیرفانیان".
ئەمڕۆ کە ٢٥ رۆژ بەسەر کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەیدا تێپەڕدەبێت کەوا رۆژی ٢٤ی حوزەیران بەڕێوەچوو و لەو رۆژەوە دابەشکردنی بەنزینی ٥٠٠ دیناری لەسلێمانی بەردەوامەو ھەزاران شۆفێر لێی سوودمەند بوون، "٢٥ رۆژ پێش ئێستا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رامانگەیاند کە ئەگەر دەسەڵات راست دەکات و دەڵێت بەنزین زۆری تێ دەچێت، ئەوا با بێن لەگەڵمانا ھەموو میدیاکاران دەعوەت دەکەین و لە ئێرانەوە تەنکەرێک بەنزین دەھێنین، بزانین بێ سەرانەی کۆمپانیاکان و باج، لیتری چەندە دەکەوێت؟"
عەبدولواحید بەراوردی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دوو حیزبی دەسەڵات دەکات و نوسیویەتی:"حەزدەکەم خەڵک جیاوازی نەوەی نوێ و ئەم دوو حیزبە بزانن، ئەمانە لە بچوکترین فرسەت دەگەرێن بۆ ئەوەی دزی لە خەڵک بکەن، نەوەی نوێش نزیکی مانگێکە بەنزین بە ٥٠٠ دینار دابەش دەکات".
لەپەیامەکەیدا داوایەکی خستۆتەڕوو بۆ کۆتایی ھێنان بەسەرانە سەندن و دەڵێت:"ئەگەر کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی دەڵێن وا نییە یاخود نەیانزانیوە، ئەوا ئێستا دەیزانن. فەرموون ئەو باج و سەرانەیە لابەرن، خۆ ئێستا بە حسابی ھەردولاتان دژی سەرانەسەندنن، ئەی پێمان ناڵێن ئەو کۆمپانیایانەی سەرسنورەکان ھی کێن کە پارە وەردەگرن؟ پاڵاوتگەکانی ناوخۆ ھی کێن؟ بەسە دزیکردن و سەرانەسەندن لە خەڵک !! بەسە تا کەی ؟".
لەکۆتایی پەیامەکەشیدا نوسیویەتی:" ئێمە ھیچمان نەکردبێت ئەوە نزیکی مانگێکە بەنزین بە ٥٠٠ دینار دابەش دەکەین، ئێمە بۆ دەتوانین، ئێوە بۆ ناتوانن؟ ئەگەر مەسەلە دزیکردن نەبێت لە خەڵک؟ ئەوە باسی ئاو دابەشکردنیش ناکەین لە ھەولێر کە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی جوت حیزب پێیان چارەسەر نەبووە".