بابەکر زێباری: ئەمەریکا ئەگەر لە عێراقیش بکشێتەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە بابەکر زێباری ئەمریکا هەرێمی کوردستان


Jul 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت، ئەمریکا ئەم جارە وەکو ساڵی 2011 عێراق بەتەنھا جێ ناھێڵێت و ناکشێتەوە، چونکە ئەو کاتە کە عێراقی جێ ھێشت زیانی زۆر بەر عێراق کەوت و دۆخی ئەمنیی عێراق بەتەواوی تێک چوو. ئاماژەیشی دا، ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە و ئەگەر لە عێراقیش بکشێنەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمێنێنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بابەکر زێباری،  ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی  رایده‌گه‌ێنێت: ئەمریکا لە ساڵی2011 دا کاتێک ھێزەکانی لە عێراق کشاندەوە زیانی زۆر بەر عێراق کەوت، لە کاتێکدا بڕیار بوو سوپای عێراق تاوەکوو2020 خۆیان ڕێک بخەنەوە و وڵات بەڕێوە ببەن، بەڵام نەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بگرە دۆخی عێراق لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر خراپ بوو و بەتەواوی تێک چوو.
ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی ده‌شڵێت: ئەو کاتە ئەمریکا پێش ئەوەی لە عێراق بکشێتەوە ھەموو ھاوکارییەکی لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و پڕچەککردن و پێداویستیی لۆجستی بۆ ھێزە عێراقییەکان دابین دەکرد، بەڵام فشاری زۆری وڵاتان لەسەر عێراق ھەبوو، سور بوون کە ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە.
بابەکر زێباری باسی لەوەش ده‌كات: ئەمەریکا ھەمان سیناریۆی 2011دووبارە ناکاتەوە و لە عێراق ناکشێتەوە، چونکە ئێستا فشاری کەمتریش لەسەر عێراق ھەیە و بەردەوام ھاوکاریی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەکات، لە ھەموو بوارەکاندا وەکوو ئاسمانی و ھەواڵگری و پرچەککردن و مەشق و ڕاھێنان. جگە لەوەش، ھاوکاری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت لە ڕووی سیاسی و ئابووریشەوە.
هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت: ھەرچەندە ئەمەریکا لە عێراق ناکشێتەوە، بەڵام ئەگەر لە عێراقیش بکشێتەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمینێتەوە، چونکە خۆم زۆر جار لەگەڵ ئەمەریکییەکان دانیشتووم، باسیان لەوە کردووە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوان زۆر گرنگە لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش ئەوانیان خۆش دەوێت و جگە لەوەش شوێنی ھەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە نێوان چەندین وڵات ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ئەوان ھەیە.
ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی ڕایشیگەیاند: ئەو ھێرشانەی دەکرێتە سەر بنکەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن ھێزە میلیشیایییەکانی عێراقەوە، ھاوکاری لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن، بەڵام حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەواندا نییە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر حکوومەتی عێراق و واتای ئەوە دەدات کە ھێشتا عێراق پێویستی بە ئەمەریکا ھەیە.
بابەکر زێباری ڕوونیش ده‌كاته‌وه‌: ئەمەریکاش تاوەکوو ئێستا وەکوو پێویست کاردانەوەی نەبووە بەرانبەر ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەوان و ئەم ئیدارەی تازەی ئەمەریکا ھەندێک جیاوازترە و سسترە لەوەی ڕابردوو، بۆیە پێویست بوو ئەوانیش کاردانەوەیان ھەبێت بەرانبەر ئەو ھێرشانە دەکرێتە سەر بنکەکانیان لەلایەن میلیشیاکانەوە.