پەرلەمانتارێکی کوردستان بۆ زایەڵە: وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکان خۆی‌ بەشداری‌ قۆرخکاریی بەنزینە

(0) / / گفتگو / عومەر گوڵپی زایەڵە بەنزین


Aug 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی  پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بەپێی‌ یاسای‌ ژمارە (٣)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٣)، پێویستە حکومەت ڕێگە لە قۆرخکاریی‌ بازاڕ بگرێت‌ و خۆی‌ هەستێت بە ڕێکخستنی‌ کێبڕکێ‌ لە نێوان بازرگان‌ و کۆمپانیاکاندا بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندى گشتى، کەچی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکان خۆی‌ بەشداری‌ قۆرخکارییە.

عومەر  گوڵپی ئەندامی  پەرلەمانی  کوردستان  لە وتووێژی  لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بە ژمارە (١٢٣) لە (١ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١)، بەدواداچوونمان کردووە بۆ ئەو بەنزینەی‌ تەنها لە هەولێر دەفرۆشرێت بە ژمارەیەکی‌ دیاریکراو لە بەنزینخانە‌ و ئەوانیش بە (٦٦٠ دینار) دەیفرۆشنەوە بە شۆفیران، ئەمە لە کاتێکدا ئەم بەرهەمە هی‌ خەڵکی‌ کوردستانە و دەبوو بە یاسا مامەڵەی‌ لەگەڵ بکرێت‌و تەنها نەدرێتە کۆمپانیای‌ کار بۆ پاڵاوتن، هەروەها تەنها لە هەولێریش دابەش نەکرێت‌و بدرێتە شارەکانی‌ تریش.

ناوبراو  وتیشی، ئایا خەڵکی‌ زاخۆو ئامێدی‌‌و سلێمانی‌‌و گەرمیان‌ و ڕاپەڕین‌ و هەڵەبجە، پشکیان لەو (نەوت)ەو لە بەرهەمەکەی‌ نییە بۆ دەبێت شۆفێرێک لە هەڵەبجە یان کەلار بەنزینی‌ نۆرماڵ بە (٧٧٥ دینار) بکڕێت‌ لە کاتێکدا بەنزینی‌ حکومەت بە (٦٦٠ دینار) بفرۆشرێت  کە جیاوازییەکەیان بۆ هەر لیترێک (١١٥ دینارە)و بۆ هاووڵاتیان ڕۆژانە بارگرانیەکی‌ گەورەیە.

ڕونیشیکردەوە، ڕۆژانە نزیکەی‌ یەک ملیۆن‌و شەش سەد هەزار شۆفێر، دەست دەکەن بە گیرفانیانداو باجی‌ گرانی‌ نرخی‌ بەنزین‌و سوتەمەنی‌ دەدەن، ئەمە بۆ هەموو هاووڵاتیەک سەختە، بەتایبەت شۆفیرانی‌ تەکسی‌ و هێڵەکانى گواستنەوە، چونکە ژیانیان لەسەر کارەکەیانەو بەهۆی‌ گرانی‌ بەنزینیشەوە تێچووی‌ کارەکەیان زیاد دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە  زیاتر  بۆ  زایەڵە  دوا وتی؛ ئێمە دەمانەوێت حکومەت لە دۆخی‌ گرانی‌ بەنزین تەماشاکار نەبێت و تەنها هاووڵاتى باجەکەى بدات، کوردستان نەوتی‌ هەیە، پاڵاوگەی هەیە، دەتوانێت بە ئۆکتانی‌ جیاواز بەنزین بە نرخی‌ زۆر گونجاوتر بەرهەم بهێنێت‌و لە بازاڕى ناخۆ ساغی‌ بکاتەوە، وەکچۆن بۆ بەغدا بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە لە ڕووی‌ ئابورییەوە بۆ وڵات و حکومەتیش باشەو بۆ هاووڵاتیانیش، پاشان نەوت‌و بەرهەمەکانی‌ سامانێکی‌ نیشتیمانین‌و پێویستە بە شێوەیەکی‌ زۆر دادگەرانە بەسەر هەموو هاووڵاتیان ‌و شار و شارۆچکەکاندا دابەش بکرێن و مامەڵەیەکی‌ یەکسانیش لەگەڵ کۆمپانیاو بەنزنینخانەو بازرگانان بکرێت.

سازدانی  چاوپێکەوتن - کامەران  کەریم