پارتی؛ هەڵبژاردن دەبێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق

(0) / / عراق / زایەڵە مەحمود محەمەد پارتی


Aug 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لەو لایەنانەدەکات کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی کشاونەتەوە، بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە، چوونکە پێی وایە هەڵبژاردنەکە دەبێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و پاراستنی پرۆسەی سیاسی لە چەقبەستوویی.
 بەپێی ڕاۆرتی زایەڵە، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، لە ئەنجامی داواکاری خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی عێراق، بابەتی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بوو بە داواکاری زۆرینەی جەماوەر بەلایەنە سیاسییەکانیشەوە، ئەم داواکاریەش لە روانگەی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییانەی کە دووچاری پرۆسەی سیاسی عێراق ھاتبوون و لە ئاکامیشیاندا کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی بواری ئابووری و خزمەتگوزاری بەبێ چارەسەر مابوونەوە، سەرچاوەی گرتووە.
راشیگەیاندوە: بە رای حزبەکەیان ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان دەروازەیەکە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیھێنانی داواکاری خەڵکی عێراق، ھەروەھا بۆ ھاوکاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی.
وتەبێژی پارتی لە کۆتاییدا داوای لە رەوتی سەدر و ئەو 26 لایەنە کردوە کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن کشاونەتەوە، بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە و لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بکەن، " وەکو داخوازییەکی ھاووڵاتیان و پێویستییەکی ھەنوکەییش بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە پرۆسەی سیاسی عێراق و حکومڕانیەکی باش و تەندروست".