هەشتەمین ساڵیادی شێركۆ بێكەس بەڕێوەدەچێت

(0) / / فرهنگی / زایەڵە شێركۆ بێكەس سلێمانی


Aug 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

هەشتەمین ساڵیادی شێركۆ بێكەس لە هوتێل ڕامادە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هەڵۆ شێرکۆبێکەس ڕایگەیاند، هەشتەمین ساڵیادی شێركۆ بێكەس کە پێشتر بە هۆی کۆڕۆناوە بەرێونەچوو، کاژێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠٢١/٨/٢١ لە هوتێل ڕامادە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
لەم مەراسیمەدا پەردە لە سەر سێ کتێبی تایبەت بە شاعیری کۆچکردوو لادەبرێت.
هاتن بۆ مەراسیمی هەشتەمین ساڵیادی شێركۆ بێكەس بۆ هەمووانە بە پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندرووستییەكانەوە.
ژیاننامەی شاعیری مەزن شێرکۆبێکەس
- شێرکۆ بێکەس  کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس و لە ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە
- ٤ی ئابی ٢٠١٣ لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجەی سییەکانیەوە کۆچی دوایی کردووە لەسەر وەسیەتی خۆی لەپارکی ئازادی شاری سلێمانی دەنێژرێت.
- لەدوای خۆی سێ کچ بەناوەکانی(هەڵبەست،هێژا،هانا) و کوڕێک بەناوی( هەڵۆ) بەجێ دەهێڵێت.
- لەساڵی ١٩٨٦  عێراقی بە جێھێشتوەو لە ساڵەکانی ١٩٨٧-١٩٩٢ لە و سوید ژیاوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان
- شێرکۆ بێکەس بە یەکێ لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون
- ساڵی ١٩٨٧ لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی" وەردەگرێت، خەڵاتەکەی لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی سوێد ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەش دەکرێت
-  لەساڵی ١٩٩٢ دەبێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمەش لەیەکەم کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو
- لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێکانی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی دامەزراند
- لە ساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕە لە چاپ دەدات
- شێرکۆبێکەس  یەکەمین شعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاو کردەوە
- ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە (بەغدا) لە چاپ دا
-لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە
- لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کانادا بوو
- لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و راگەیاندنی "خاک" خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆبێکەس بەخشیوە
- ناوەڕۆکی شیعرەکانی شێرکۆبێکەس باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە
وەسیەتنامەکەی
من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی (١٩٦٣)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم‌و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەکەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)ـەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێکەس) ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم.
بەرھەمەکانی شێرکۆ بێکەس بە پێی چاپی یەکەم

یەکەم دیوانی شێرکۆ بێکەس - چاپی یەکەم - ۱۹٦۷
١- تریفەی ھەڵبەست ١٩٦٨
٢- کەژاوەی گریان ١٩٦٩
٣- کاوەی ئاسنگەر ١٩٧١
٤- من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ ١٩٧٣
٥- ئاسک ١٩٧٦
٦- کازیوە ١٩٧٨
٧- دوو سروودی کێوی ١٩٨٠
٨- پیرەمێرد و زەریا ١٩٨٢
٩- رووبار ١٩٨٣
١٠- کەشکۆڵی پێشمەرگە ١٩٨٤
١١- داستانی ھەڵۆی سوور ١٩٨٥
١٢- ئاوێنە بچکۆلەکان ١٩٨٦
١٣- تەمتوومان ١٩٨٨
١٤- دەربەندی پەپوولە ١٩٩١
١٥- مێرگی زام، مێرگی ھەتاو ١٩٩٦
١٦- خاچ و مار و رۆژژمێری شاعیرێ ١٩٩٨
١٧- بۆننامە ١٩٩٨
١٨- چراکانی سەر ھەڵەمووت ١٩٩٩
١٩- نسێ ١٩٩٩
٢٠- ژنێک و دوو پیاو ٢٠٠٠
٢١- ژن و باران ٢٠٠٠
٢٢- رەنگدان ٢٠٠١
٢٣- ئەزموون ٢٠٠١
٢٤- لە چلەی چلچرایەکدا ٢٠٠١
٢٥- پیاوێ لە دارسێو ٢٠٠٢
٢٦- خۆم؛ ئەو وەختەی باڵندەم ٢٠٠٢
٢٧- پاییزە میوان ٢٠٠٢
٢٨- کوکوختیە بزێوەکە ٢٠٠٣
٢٩- گۆڕستانی چراکان ٢٠٠٤
٣٠- ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن ٢٠٠٤
٣١- سروودە بەردینەکان ٢٠٠٥
٣٢- کورسی ٢٠٠٥
٣٣- لە گوڵەوە ھەتا سووتوو ٢٠٠٦
٣٤- حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک ٢٠٠٧
٣٥- کتێبی ملوانکە ٢٠٠٧
٣٦- تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە ھەڵقوڵین ٢٠٠٧
٣٧- زێ و زنە ٢٠٠٨
٣٨- تەون ٢٠٠٩
٣٩- ھەست و نەست ٢٠١٠
٤٠- ئێستا کچێک نیشتمانمە ٢٠١١
٤١- ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە ٢٠١٢
٤٢- خێراکە مردن خەریکە بگات ٢٠١٣
٤٣- نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ٢٠١٣
- هەروەهاچەندین کتێب و نوسینی تر لەبارەی ئەم شاعیرە مەزنە وێزگەکانی ژیانی و نامە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بڵاوکراونەتەوە.