بافڵ تاڵەبانی: جارێکی دیکە یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان

(0) / / کردستان / زایەڵە بافڵ تاڵەبانی یەکێتی کوردستان


Aug 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی موڵکی هیچ گرووپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و رێگەنادەن مێژووی پڕ لە سەروەری ئەم حیزبە لە کەدار بکرێت و دڵنیاییش دەداتە یەکێتییەکان "جارێکی دیکە یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان." دەشڵێت "ئەوانەی لەرابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و رادەستی دادگەیان دەکەین."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، رۆژی چوارشەممە 18-08-2021 بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ھەولێر لەگەڵ سەرکردایەتیی حیزبەکەی کۆبووەوە.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن لەناو دامەزراوەکانی حیزب کردووە.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەی دەڵێت "یەکێتی چەند هەنگاوێکی بە ئاراستەی یەکێتی ناو یەکێتی ناوە و گۆڕانکارییەکان لەپێناو پاراستنی شکۆی یەکێتی و پارێزگاریکردن بووە لە دەستکەوتەکان و ئەو بەها نەتەوەیی و نیشتمانییانەی یەکێتییەکەمان بڕوای پێیانە. ئەم حیزبە بەرهەمی رەنجی تێکۆشەران و خوێنی شەهیدانە و بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین لە رێبازە پیرۆزەکەی مام لابدات."
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت "یەکێتی موڵکی هیچ گرووپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و رێگەنادەین مێژووی پڕ لە سەروەری ئەم حیزبە لەکەدار بکرێت. ئەوەی کردوومانە پاراستنی حیزبی شەهیدان بووە لە هەڵدێر و بەلاڕێدا بردن."
بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی پێداوە گوتوویەتی "یەکێتی لە هەناوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دروستبووە و دەبێت هەموو هەوڵەکانیشی لەپێناو خەڵکدا بێت نەوەک کۆمەڵێک کەس کە یەکێتییان بۆ بەرژەوەندی و مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنا."
بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەداتە "یەکێتییە سەربەرزەکان" و دەڵێت "جارێکی دیکە یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان، ئەوانەشی لە رابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و رادەستی دادگایەن دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کردووە و بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە "دروستکردنی هاوپەیمانیی کوردستان لەپێناو کۆدەنگی و یەکڕیزی گەلەکەمان بووە، هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ سەرخستنی دەخەینەگەڕ و پێکەوە لەپێناو کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران کار دەکەین."