مەسرور بارزانی: له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککەوتن

(0) / ئابووری


Jan 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێی زایینی، هیوای ئاشتی و ئارامی و کۆتاییهاتنی قەیرانەکان لە کوردستان و عێراق و جیهان لە ساڵی نوێدا خواست.

بارزانی وێڕای ئاماژە بە ڕێککەوتنی حکومەتەکەی لەگەڵ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 هیوای ئەوەی خواست ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

 لە پەیامەکەدا هاتووە: لەکاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێوه‌، هەرێمی کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێكی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، کە لە ئەنجامدا قەیران و دۆخێکی دارایی سەخت و بارگرانییەکی زۆر لە سەر هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دروستبوو.

لە درێژەی پەیامەکەی مەسرور بارزانی هاتووە: ئێستا کە له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککەوتن. هیوادارم ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر ڕێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی مافخوراوی کوردستان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی کردەوە: ئێمە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.

جەختی لە سەر ئەوەش کردۆتەوە؛ لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەری یاسا و دادپەروەریی و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی دەکەینەوە.

کۆتایی/.