9 ملیۆن و 600 هەزار عێراقی لەژێر هێڵی هەژاریدان

(0) / ئابووری


Jan 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، جارێکی دیکە عێراقی رووبەڕووی قەیرانێکی دیکە کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنیت، 9 ملیۆن و 600 هەزار عێراقی لەژێر هێڵی هەژاریدان و رێژەکە لە پارێزگاکانی باشووی عێراق زیادە و لە ناوەڕاستی عێراق تا دەگاتە هەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت کە لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 12٪.

عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بۆ رووداو، باسی لە هۆکاری زیادبوونی رێژەی هەژاری لە عێراق و بەرنامەیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژەیە لە داهاتوودا کرد.

 گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی ... خەڵکێکی زۆر ئاستی بژێویان بۆ ژێر هێڵی هەژاری دابەزی و بەو هۆیەوە دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری. پشتریش 6 ملیۆن و 900 هەزار کەس لە عێراق لەژێر هێڵی هەژاریەوە بوون، دەکرێت بڵێین ئەمڕۆ لە عێراق 9 ملیۆن و 600 هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژاریەوەن."

 بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی گەیشتن بەو ئەنجامەش لە رێگەی لێکۆڵینەوەیەکەوە بووە کە "وەزارەتی پلاندانان بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی یونسێف لە مانگی تەمموزی رابردوودا کردوویەتی. بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و رێژەکەش روو لە کەمبوونەوە دەکات و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت."

 لەبارەی دابەشبوونی هێڵی هەژارییەوە لە عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: "ئەگەر بێتو رێژەی هێڵی هەژاری لەسەر ئاستی وڵات دەستنیشان بکەین، رێژەکە لە ناوچەکانی باشوور زیاترە و دەگاتە 30٪ بۆ 35٪. لە پارێزگاکانی ناوەڕاست دەگاتە نزیک لە 20٪، لە بەغدای پایتەخت رێژەکە دەگاتە 13٪ و لە هەرێمی کوردستانیش دەگاتە نزیکەی 12٪."

 عەبدولزەهرە هینداوی پێیوایە رێژەی هەژاری لە عێراقدا جێگیر نییە و زیاد و کەم بە خۆیەوە دەبینێت.

 گوتەبێژەکەی پلاندانان دەڵێت: "ساڵی 2010 وەزارەتی پلاندانان یەکەم ستراتیژیەتی خۆی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری لە وڵات راگەیاند کە ئەو کات رێژەکە 23٪ بوو و دەیکردە 25٪ـی کۆی دانیشتووانی عێراق. لە رێگەی ئەو پلانەوە توانیمان لە کۆتایی ساڵی 2013 لە دابەزاندنی ئەو رێژەیە بۆ 15٪ سەرکەوتوو بین."

  هینداوی دەشڵێت: "لە ساڵی 2014 عێراق کەوتە نێو قەیرانێکی قووڵ بەهۆی هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە یەک کاتدا، بەمەش جارێکی دیکە رێژەی هەژاری گەیشتەوە 23٪، بۆیە ستراتیژیەتی دووەمان دانا بۆ ماوەی 5 ساڵ لە 2015 تاوەکو 2020، لە کۆتایی 2019 رێژەکە زۆر باش دابەزی گەیشتە 20٪، بەڵام لە ساڵی 2020 جارێکی دیکە عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی دیکە بووەوە، ئەویش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت بوو کە وایانکرد رێژەکە بگاتەوە ئەو ئاستەی کە ئێستا هەیە."

کۆتایی/.