نامەیەکی دەستنوسی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەرھەم ساڵح

(0) / / عراق / بەرهەم ساڵح زایەڵە ئیمانوێل ماکرۆن


Sep 29, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ نامەیەکی دەستنوسی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنساوە پێگەیشت و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆماری عێراق کردوە لە بارەی ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێکراوە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی ئەیلولی 2021) لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئێریک شۆڤالییە، باڵیۆزی فڕەنسای لە عێراق.
لەسەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی فڕەنسا نامەیەکی دەستنوسی ئیمانۆێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسای گەیاندە بەرهەم ساڵح کە تێدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کردوە لە بارەی ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێکراوە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق.
ماکرۆن ھەروەھا ھەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاندوە لە پێناو پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ھەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاشتی و کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھاوکات جەختیکردەوە لە پشتیوانی بەردەوامی فڕەنسا وەک ھاوبەشێکی گرنگی عێراق لە رێگای ھەماھەنگی ھاوبەشی ئابوری و سیاسی.
لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح لە رێگای باڵیۆزی فڕەنسا سڵاوی خۆی گەیاندە سەرۆک ماکرۆن و جەختیکردوە کە عێراق کار دەکات بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان روەو هەماهەنگی هاوبەش بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی هاوبەشی ھەردو گەل و کارکردن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح دوپاتیکردەوە کە سیاسەتی هاوسەنگی عێراق لەسەر بنەمای پشتگیری لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری گێڕانەوەی رۆڵی گرنگی عێراقە لە ناوچەکەدا، ھاوکات ئەوەشی خستەڕو، کە عێراق چاوی لە ھەماھەنگییە لە پرسی ریشەکێشکردنی تیرۆر و ھاریکاری ئابوری و بارزگانی و بەرنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی.