ڕاوێژکاری کەلتووریی ئێران سەردانی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کرد

(0) / / فرهنگی / هەرێمی کوردستان زایەڵە کۆماری ئیسلامی ئێران


Oct 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

ڕاوێژکاری کەلتووریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ڕۆژی دووشەممە سەردانی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستانی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەم دیدارەدا کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان و کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و ڕایگەیاند؛ لە ئێستادا زیاتر لە ٨ هەزار هەواڵنێر ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانن و ٩٠٠ مۆڵەتی دەرچوونی گۆڤار و ڕۆژنامە دەرچووە، نزیک بە ٣٠٠ کەناڵی تەلەفزیۆنی چالاکن، ٢٥٠ کەناڵی ڕادیۆیی لە کاردان و ١٠٠ مالپەڕی فەرمیش چالاکن و لەم نێوەدا کەمتر لە ١٠لەسەدی ڕۆژنامەکان چاپ و بڵاودەکرێنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ٥٤ ڕۆژنامەوان لە هەولێر و دهۆک لە زیندان دان و ژمارەیێکیان بە شەش سال زیندانی حوکم دراون.
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ئاماژەی بە هەندێ لە کێشەکانی کاری ڕۆژنامەڤانی لە هەرێم کرد و وتی: یەکێک لە کێشەکانی ڕۆژنامەڤانان لە هەرێمی کوردستان پابەندبوونە بە یاساوە، ئەگەر لێرەدا یاسا لە بەرانبەر ئەم توێژە جێبەجێ دەکرا دەبوو ئەوا بە تەنیا بە شێوەی نەختینە غەرامە بکرابان، بەڵام بە داخەوە ئەم یاسایە بە گوێرەی حەزی بڕیاردەران جێبەجێ دەکرێت و ٥٤ ڕۆژنامەڤان دەستبەسەرن.
کاروان ئەنوەر بە ئاماژە بەوەی کە ئەم یاسایە لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەگەر یاساکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت ئەم ناوچەیە یەکێک لە ناوچە ئەمن و ئارامەکان بۆ کاری ڕۆژنامەڤانی دەبێت، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان چەند یاسایی پەیڕەو دەکرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە چالاکیی بەشێک لە ماڵپەڕەکانی هەرێم و پێشوازیی باشی بەردەنگان لە فەیسبوک بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ لە ڕێگەی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە، وتی: بە داخەوە لە ئێستادا فەیسبووک چالاکی بەشێک لە کەناڵە بەهێزەکانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردووە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی چالاکییەکانیان کەمتر ببینرێن.
ڕاشیگەیاند کە بە هۆی ئەم سیاسەتەوە کەناڵەکانی سەر بە یەکێتی و زۆنی سەوزیش زۆر نابینرێن.
کاروان ئەنوەر لەم دیدارەدا هیوای ئەوەی خواست پێوەندییەکی باش و پتەو لە بوارەکانی کەلتووری و میدیایی لە نێوان هەرێم و ئێران هەبێ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بتوانن بە سەفەر بۆ ئێران سوود لە ئەزموون و توانای میدیاکانی ئێران ببینن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون بکرێت.