جێگری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بەغداد کۆنترۆڵی لە سەر هەرێمی کوردستان نییە / ئۆپراسیۆنی سەربازیمان لە خاکی هەرێم یاساییە

(0) / / ایران / زایلە ئیبراهیم ڕەحیم پوور ئێران هەرێمی کوردستان


Oct 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە؛ کاتێک حکوومەتی عێراق توانای کۆنترۆڵی نییە، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکان ڕێگە بە ئێمە دراوە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی لە هەرێم ببەین.
بەپێی ڕاپۆرتی زایلە، ئیبراهیم ڕەحیم پوور  جێگری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامی ئێقتساد ئۆنڵاین، سەبارەت بە چالاکی و جموجوڵی گرووپە چەکدارە دژبەرەکان کە لە خاکی هەرێمی کوردستان جێگیرن و مافی ئێران بۆ وەڵام دانەوە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وتی: بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق، دەسەڵات و کۆنترۆڵی پێویستیان بە سەر هەرێمی کوردستانەوە نییە و ئاساییە لە کۆبونەوە هاوبەشەکاندا ئەوەی دەگوترێ، بێ کردار دەمێنێتەوە و لە ئەنجامدا کردارێکی کاریگەر لە لایەن حکوومەتی ناوەند لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان نابینرێت. کەوابوو تەنیا بژاردەی ئێمە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەم گرووپانەیە یان شەڕی چەکداری.
وتیشی: لە قۆناغێکدا ئێمە پرسی هاوشێوەمان لەگەڵ حکوومەتی ئەفغانستان هاوپێوەند بە ئامادەبوونی تاڵیبان لە خاکی ئەو وڵاتە و جموجووڵەکانیان هەبوو. بە چەشنێک لە کابول هیچ دەسەڵاتێکی بە سەر سێ پارێزگای خۆیەوە نەبوو، هەر بۆیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیبان دانوستانمان کرد و بەشێک لە کێشەکانمان چارەسەر کرد.
جێگری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە عێراق، وتی: سەبارەت بە عێراق و پرسی تاقمگەلێک وەکوو کۆمەڵە و پژاک وەکوو گرووپگەلێک کە پێشینەی چالاکیان لە ناوچە هەیە، دەبێ پێش هەر شتێ ئاوڕ لە بارودۆخی عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بدرێتەوە  و دەوری ئەو بارودۆخە لە چەکداربوون و بوهێزبوونی ئەم گرووپانە لە ڕێگای پشتگیریی وڵاتانی ڕۆژئاوای و ڕژێمی زایۆنییەوە.
ئاماژەی بەوەش دا؛ هەرێمی کوردستان یەکپارچە نییە و بارزانی و تاڵەبانییەکان دەسەڵاتیان دابەش کردووە و حکوومەتی ناوەند هیچ دەسەڵاتێکی لەم بەشەی وڵاتدا نییە.
ڕەحیم پوور، وتیشی: بەو بارودۆخەی لە عێراق هەیە، ناکرێت هیچ چاوەڕوانییەک لە بەغدا بکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک لە بەرانبەر ئەم تاقمانە. هەر بۆیە خۆمان ناچارین بینە مەیدانەوە و کاردانەوەی پێویستمان بێت و ئەمەش لەگەڵ یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی یەک دەگرێتەوە. بۆ وێنە دەتوانین نموونەی تورکیا بێنینەوە کە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تاقمە تیرۆریستییەکان هێزی ڕەوانەی عێراق کرد.
ڕاشیگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای عێراق و نەبوونی کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندیی لە سەر هەرێمی کوردستان، ئێران بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنەکان لەگەڵ عێراق، بەرەنگاری گرووپە دژبەرەکان لە هەرێم ببێتەوە و یەکپارچەیی خۆی بپارێزێت و ئۆپراسیۆنەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسداران لەم چوارچێوە دایە.