بافڵ تاڵەبانی باس لە مانەوە لەگەڵ گۆڕان دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە یەکێتیی نیشتمانی بافڵ تاڵەبانی گۆڕان


Oct 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان شەریکی راستەقینەیانە و دەیانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێیان ھەبێت. بافڵ تاڵەبانی هەروەها دەڵێت، لەگەڵ گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ "ئایندەیەکی گەشتر" دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەو حیزبە رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەگەڵ عومەر سەید عەلی، رێگخەری گشتیی و ژمارەیەک هەڵسوڕاوی حیزبەکەوە پێشوازییان لێکرا.
 بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا روونیکردووتەوە کە "یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین". بافڵ تاڵەبانی هەروەها گوتویەتی کە "دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان".
لەو سەردانەدا کە ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت رەسوول، سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەژی ئەمین، یاوەریی بافڵ تاڵەبانییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاوی بزووتنەکەوە پێشوازییان لێکراوە و لەبارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان گفتوگۆیانکردووە.
ھاوسەرۆکی یەکێتیی رایگەیاندووە: "ئەو کورسیانەی هاوپەیمانیی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە بەربژێرەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتووەتە ئەستۆ ‌و بە یەكڕیزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەین".
 ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کردووە کە لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەوراز و نشێودا دەڕوات بەڵام "گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانیی کوردستان بەرەو پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی کاک نەوشیراون و سەرۆک مام جەلال جێبەجێبکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان".
بافڵ تاڵەبانی دووپاتیشکردەوە "لەگەڵ براکانمان لە گۆڕان پێکەوە دەمێنینەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەین".
بەپێی دوایین ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە راگەیێندراوە هاوپەیمانیی کوردستان 17 کورسیی هێناوە، بەڵام بزووتنەوەی گۆران لەنێو هاوپەیمانییەکە هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێناوە.