ڕۆژنامەنوسێک بۆ زایەڵە؛ سلێمانی بەهۆی غازی سرووشتییەوە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی  بازرگانی لە ناوچەدا

(0) / / گفتگو / بژار حەکیم هەرێمی کوردستان زایەڵە


Oct 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

ڕۆژنامەنوسێک لە هەرێمی کوردستان  باس لە گۆڕانکاری  سەردەمی  نەوت بۆ سەردەمی غاز دەکات و پێی وایە سلێمانی بەهۆی ئەوەی خاوەنی ئەو وزەیەیە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی  بازرگانی  .

بژار حەکیم ڕۆژنامەنوسێکی دیار  لە هەرێمی کوردستان  لە وتوێژی لەگەڵ زایەڵە ڕایگەیاند،  جیھان لەگەڵ سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نەک لە ڕووی تەندروستی، بەڵکو لە ڕەھەندی ئابووریشدا چووە قۆناغێکی دیکە، یەکێک لە زیانە گەورەکان لە جیھاندا کە روویدا، بێنرخبوونی بەھای نەوت بوو، بۆیە ئێستا جیھان لە ڕووی وزەدا سەردەمی نەوت جێدەھێڵێ و چووە نێو سەردەمی غاز.

وتیشی، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وزە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی ٢٠٢٠ غازی سرووشتی ھەنگاو بە ھەنگاو نزیک دەبێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ببێتە جێگرەوەی نەوت لە جیھاندا. رێکخراوەکە دەشڵێ لە چەند ساڵی داھاتوودا لە جیھاندا، خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا بۆ لەسەتا چل زیاددەکات، بۆیە وڵاتان گرنگی بە غازی سرووشتی دەدەن.

باسی  لەوەشکرد،  لە نێو ئەم ھاوکێشەیەدا عێراق وەک دەوڵەت خاوەنی ١٣٥ ترلیۆن پێ سێجا غازی سرووشتییە، لە نێو عێراقیشدا، ھەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە ٥ ترلیۆن پێ سێجا غازی سرووشتییە، لەسەتا ھەشتای رێژەی غازی سرووشتی ھەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە.

ڕونیشیکردەوە، بەوپێیەی کە سلێمانی دەوڵەمەندە بە وزە، بە تایبەت لە ڕووی غازی سرووشتییەوە، بێگومان دەبێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووریی لە ناوچەکەدا، لە ھەر حاڵەتێکدا ئیدارەی پارێزگاکە دەتوانێ بەباشترین شێوە داھاتی غازی سرووشتی بۆ ناوچەکە خەرج بکات.

هێمای  بەوەشکرد، پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی نزیک لەم پارێزگایە، بووژانەوەیەکی گەورە بەخۆوە دەبینن، سلێمانی دەبێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووریی ناوچەکەو وڵاتان بە بایەخەوە لێی دەڕوانن.

سازدانی  - کامەران  سەیدکەریم