لاهور شێخ جەنگی: جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕیی یەکێتی دەكەینەوە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی

(0)


Jan 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبین، لە هەر کات و ساتێکدا پێویست بکات یەکێتیی بڕیار و هەڵوێستی سیاسیی خۆی ڕادەگەیەنێت.

بەپێی هەواڵی زایەڵە،  لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازی کرد لە ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و ڕزگار حەمە نوری سەرۆکی فراکسیۆن و سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.

ئاماژەبەوەشدراوە،" لە دیدارێکدا لاهور شێخ جەنگی هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی ڕوونکردەوە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەت و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی کە بوونەتە بەربەست لە بەردەم چارەسەری قەیرانەکان.

لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەشهاتووە، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە پرسی لامەرکەزیی کرد وەک یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت و جەختیکردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی (دارایی و ئیداریی) لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاسانکردنی ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بە هاووڵاتییان.

هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی مەلەفی نەوتەوە ڕایگەیاندووە؛ ئەو سامانە بە نرخە لە جیاتی خۆشگوزەرانی، بووەتە نەهامەتی بۆ میللەتەکەمان، ئاماژەی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان کرد لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ و پشتیوانیی یەکێتیی بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیە دووپاتکردەوە.

ناوبراو، جەختیشیکردەوە کە باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم بەندە بە پابەندبونی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بە ڕێککەوتنی نێوانیان و چارەسەرکردنی ئەوکێشانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

لاهورشێخ جەنگی  ڕاشیگەیاندووە ؛ ئێستا بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبین و یەکێتییش خاوەن گوتار و هەڵوێستی خۆیەتی و لە هەر کات و ساتێکدا پێویست بکات یەکێتیی بڕیار و هەڵوێستی سیاسیی خۆی ڕادەگەیەنێت و پاشەکشە لەو بەڵێنانە ناکات کە بە هاووڵاتییانی داوە.