كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژدەكاتەوە

(0) / جهان


Jan 29, 2021

قەبارەی فۆنت:

 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دابەشکردنی 12 (دوازدە ملیۆن) کارتی هەڵبژاردنی راگەیاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، 1168 (هەزار و سەد و شەست و هەشت) تیمی گەڕۆکیان پێكهێناوه‌ بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بەردەوامن لە کارەکانیان.

بەپێی هەواڵی زایەڵە، جەلیل خەلەف سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاریداوە بە درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی ئەو هاوپەیمانییە سیاسییانەی کە خواستی بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت هەیە".

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لە کۆی 27 (بیست و حەوت) هاوپەیمانی تەنها 4 (چوار) هاوپەیمانی خواستی خۆیان بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نیشانداوە.

جەلیل خەلەف ئاشکراشیکرد، بۆ چاودێرییکردنی هەڵبژاردنەکان کۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی ئاراستەی 52 (پەنجاو دو) باڵیۆزخانەی وڵاتانی عەرەبی و بیانی و 19 (نۆزدە) رێکخراوی نێودەوڵەتی کردوە.

جەلیل خەلەف رونیکردەوە، 1168 (هەزار و سەد و شەست و هەشت) تیمی گەڕۆکیان پێكهێناوه‌ بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بەردەوامن لە کارەکانیان و 12 (دوازدە ملیۆن) کارتی هەڵبژاردنیشیان دابەشکردوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق لەسەر پێشنیازی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان 10ی (تشرینی یەکەمی/10) ئه‌مساڵ بەڕێوەبچێت.