گۆترێش داوای هاوکاری ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک لەمەڕ بەرجام دەکات

(0) / جهان


Jan 29, 2021

قەبارەی فۆنت:
" ئانتۆنیۆ گوترێش" سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکای کرد تاکوو بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک لەمەڕ بەرجام هاوکاری بکەن بەڵام هاوکات وتیشی کە چاوەڕوانی " ئەنجامێکی خێرا"_ی بۆ ئەم داواکارییە نیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا کە سەرچاوەی هەواڵەکەی بۆ هەواڵنێری فەرەنسا گەڕاندووەتەوە، ئێوارەی پێنجشەممە لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ناوبژیوانی ئەو بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک لەمەڕ  بەرجام، وتی کە چەندین ڕێگا هەیە بەڵام " چاوەڕوانی چارەسەری خێرا "_ م نیە.
حکومەتە نوێکەی ئەمریکا بە سەرکردایەتی بایدن ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوەکییەکە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە ساڵی ۲۰۱۸ لێی هاتە دەرە، بەڵام داوای کردوە کە دەبێت سەرەتا ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بێت.
لە بەرانبەر دا کۆماری ئیسلامی ئێرانیش جەختی کردوەتە لەوەی کە دەبێت سەرەتا ئەمریکا هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێز لە بەڵێنەکانی خۆی بگرێت و پابەندیان بێت.