پەرلەمانتارێک  بۆ  زایەڵە: وەزارەتی شارەوانی دەیەوێت بایکۆت و سزای هاوڵاتیان بشکێنێت کە ئامادەنین بەبێ یاسا پارە بدەن

(0) / / گفتگو / پەرلەمانی کوردستان دابان محەمەد شارەوانی


Nov 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی  پەرلەمانی  کوردستان  ئاشکرایدەکات، دەستخۆشی لە ھاوڵاتیان دەکەم، کە لەوپەڕی وشیارییەوە ئامادەنین پارەیەک بدەن لە دەرەوەی یاسایە مەگەر ئەوەی ناچاربێت بۆ کارێک ڕوو لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو بکات، سزادانی حکومەت لەلایەن ھاوڵاتیان و نەدانی پارەی سزا و سەرانەی ئاو، وەزارەتی شارەوانی تەنگەنەفەس کردوە و ھێناویەتیە لەرزین، ھەموو ڕێکار و ڕێگایەکی نایاسایی بەکارھێناوە سودی نەبوە، داھاتی ئاو لەسایەی ھەڵەی وەزارەتی شارەوانی بەجۆرێک کەمیکردوە، نزیکبوەتەوە لە سفر، بەو ئومێدەی ھاوڵاتیان لە پارێزگاریکردن لەم مافەی خۆیان بەردەوام بن.

دابان  محەمەد  ئەندامی  پەرلەمانی  کوردستان  لەوتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری   زایەڵە  ڕایگەیاند، ئەو ڕێنماییەی وەزارەت پشتی پێدەبەستێت لە بنەڕەتدا نایاساییە و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە، ئەو سەرانەیەی لە ھاوڵاتیان بۆ نەبەستنی پێوەر وەردەگیرێت، پشتی بە ھیچ یاسا و دەقێکی یاسایی نەبەستوە، بەڵکو پشتی بە ڕێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی ٢٠١٨ بەستوە، کۆی ڕێنمایەکەش خراپ بەکارھێنانی و ئیستغلالی دەسەڵاتێکە کە لە بنەڕەتدا وەزیر و وەزارەتەکەش نیەتی.

وتیشی،  وەزارەتی شارەوانی یاسایەکی ھەیە، کە یاسای ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٠ یە و لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە، ١١ ماددەیە، یەکێک لە ھۆکارەکانی دەرچواندنی  ئاسان مامەڵەکردنی ھاوڵاتیانە لەگەڵ فەرمانگەکانی  وەزارەت.

ماددەی حەوتەم بڕگەی سێیەم لە یاساکە دەڵێت وەزیر بۆی ھەیە، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەربکات

ئەم ماددەیە و یاساکەش، ھیچ دەسەڵاتێکی نەداوە بە وەزیری شارەوانی لەدەرەوەی حوکمەکانی یاساکە و بە ڕەھایی ڕێنمایی دەر بکات ڕێنمایی بۆ ئاسانکاری  جێبەجێکردنی یاساکەیە نەک نەک بۆ ھەر شتێک بە ئارەزوی بەرژەوەندی خۆیان لە دژی خەڵک! ئەو پەیڕەوەش فڕی بەسەر یاساکەوە نیە باسی ئەوە ناکەم، ئەو کۆمپانیای کە لە ھەولێر پێوەری ئاوی فرۆشتوە، چ نسبەتێکی بە وەزیری شارەوانیەوە ھەبوە .

ڕونیشیکردەوە، ئەگەر دەرکردنی پەیڕەو بەوشێوەیەبێت وەزیر دەتوانێت، خەڵک ناچار بکات ئاوی کارگەکان بکڕن، ئەگەر نەیکڕن، بەناوی کرێی ئاوی بێ کارگە چەندی بوێت پارە لە خەڵک وەرگرێت ،یان بە پەیڕەوێک دەتوانێت بۆ بێ ئاوی ھەولێر، ھاوڵاتیان ناچار بکات موزەخە بکڕن، کۆمپانیایەک بھێنێت و موزەخەش بەخەڵک بفرۆشێت، ئەوەشی موزەخە نەکڕێت، چەند سەرانەی ویست، بەناوی کرێی ئاوی بێ موزەخە، لە خەڵی وەربگرێت، لەسەر پسولەی ئاویش بنوسێت کرێی تر .

باسی  لەوەشکرد، لە جێبەجێکردنی پەیڕەوە نایاساییەکەشدا بەڵێنی درۆ و بێ بنەما بەخەڵک دراوە ،لەو پەیڕەوە نایاساییەی وەزارەت پشتی پێبەستوە جگە لەو بڕگەیەی ئاماژە بۆ کرێی ئاو دەکات و ئێمە پێی دەڵێین سەرانە، ھیچ بڕگەیەکی تری وەک خۆی جێبەجێبەکراوە،

بە نمونە ماددەی دووەم بڕگەی دوەم باس لە قەرەبوکردنەوەی ھاوڵاتی دەکات بەبڕی ٤٠ ھەزار دینار، کە تا ئێستا ھیچ کەسێک قەرەبوو نەکراوەتەوە.ماددەی یەکەم، بڕگەی چوارەم دەڵێت، ھەر خولێکی خوێندنەوەی پێوەر دوو مانگە، بەڵام لە مانگی ٩ ی ساڵی پارەوە کۆمپانیاکان نەچون بۆ خوێندنەوەی پێوەر، بەوەش کرێی ئاو بە مەتر سێجا و بەرزترین ژمارە بۆ ھاوڵاتی ھەژمار کراوە، ئەوەش فێڵکردن و پارەیەکی زیادە، لە ھاوڵاتیان وەردەگیرێت.

سازدانی - کامەران کەریم