1 / 13
2 / 13
3 / 13
4 / 13
5 / 13
6 / 13
7 / 13
8 / 13
9 / 13
10 / 13
11 / 13
12 / 13
13 / 13

(0) / / فرهنگی / زایەڵە بێنیشتمان توورج ئەسڵانی سینەمای کوردی دهۆک


Nov 22, 2021

قەبارەی فۆنت:

فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی" لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" نمایشکرا و لە لایەن بینەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی"، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی "ڕەز هەڵکەوت ڕەشید" لە هەرێمی کوردستان، لە دووهەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "توورج ئەسڵانی" و هەندێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە کوردییە، لەوانە: "هانی موجتەهیدی"، "شوان عەتووف"، "جاهیت شاهین یاڵچین"، "بوڵەنت کاسێر"، "ڕێکێش شەهباز"، "بەنگین عەلی" و "بەڕۆژ ئاکرەیی" و هەروەها "ڕەز هەڵکەوت ڕەشید" و "ئیلاهە نەوبەخت" بڵاودەکرەوەی نێودەوڵەتی ئەم فیلمە لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە دوو سانسی جیاوازدا لەوانە: لە کاتژمێر 5ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 17ی نۆڤەمبەری 2021 لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک و هەروەها لە کاتژمێر 9ی شەوی 18ی نۆڤەمبەری 2021 لە هۆڵی سینەمایی ناوەندی "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن بینەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا بە شێوەیەک کە تەواویی کورسییەکانی هۆڵەکانی نمایشی ئەم بەرهەمە کوردییە پڕبوو لە بینەر و ژمارەیەکیش لە هۆگرانی هونەری سینەما لە داڵانەکاندا و لەسەر زەویی دانیشتبوون و سەیری ئەم فیلمەیان کرد.
ئەم دوو نمایشەی فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" لە فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک"  پێشکەش کرا بە ڕەاونشاد "هەکار عەبدوالقادر محەمەد" ئەکتەری کۆچکردووی ئەم بەرهەمە سینەماییە کە بەم دوایانە بە هۆی وەستانی دڵەوە ماڵئاواویی لە جیهانی هونەر و هەڤاڵانی سینەماکاری کرد.
دوای نمایشی "بێنیشتمان" کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەم فیلمە سینەماییە لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو و "توورج ئەسڵانی" و بەٍشێک لە ستافی فیلمەکە وڵامی پرسیاریی پەیامنێران، ڕۆژنامەنووسان و ڕخنەگرانی ئامادەبووی کۆڕەکەیان دایەوە.
"بێنیشتمان" لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" لە ئاستی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
لە "بێنیشتمان"دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" ئەندامی باوەڕپێکراوی ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکانی ئسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیایە و لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بەرهەمە سینەمایی و بەڵگەفیلمەکان بەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە دەناسێنێت.
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"ی ئەم فێستیڤاڵەوە تەندیسی گەڵا مێویی زێڕ و زێو، لەوحەی فەخری و خەڵاتی 10 هەزار دولاری بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 5 هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 4 هەزار دولاری بۆ باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 3 هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی 3 هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری ژن، خەڵاتی 5 هەزار دولاری بۆ باشترین بەڵگەفیلم، خەڵاتی 8500 دولاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی دهۆک بۆ باشترین کورتە فیلم بۆ پشتیوانی لە سازکردنی پڕۆژەی نوێ دەرهێنەری ئەم بەرهەمە، خەڵاتی 10 هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین کورتە فیلم کە لە ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی 10 هەزار دولاری پارێزگاری دهۆک بۆ باشترین فیلمی سینەمایی فیلم کە لە ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی 4 هەزار دولاری یەکێتی نووسەرانی کورد بۆ باشترین فیلمی کوردیی کە لە دەرەوەی سنوورەکان سازکرابێت و هەورەها خەڵاتی 3 هەزار دولاری ئەنستیتۆ "گۆتە"ی ئەڵمانی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی کورت پێشکەش دەکرێت.   
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر" و بە دەرهێنانی هونەری "شەوکەت ئەمین کورکی" بە یادی سینەماکاری هەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" Yılmaz Güneyەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی "چڵە خورمای" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.
هەشتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە، ڕۆژی 15ی نۆڤەمبەری 2021 بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی فەڕشی سوور و بە نمایشی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە هۆڵی "کۆنگرە" لە زانکۆی دهۆک بە فەرمی دەستی پێکرد و بە نمایشی 93 بەرهەمی دیکە، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"، واتە: 9 فیلمی بڵندی سینەمایی، 5 بەڵگەفیلم و 9 کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، واتە: 6 فیلمی بڵندی سینەمایی، 6 بەڵگەفیلم و 12 کورتە فیلم، بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیهان"، واتە: 8 فیلمی بڵندی سینەمایی، 4 بەڵگەفیلم و 7 کورتە فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردی"، واتە: 17 کورتە فیلم، بەشی "نمایشی تایبەت بە سینەمای ئەفغانستان" 8 فیلمی بڵندی سینەمایی و هەروەها بەشی "نمایشی تایبەت بە سینەمای کوردستان" 2 فیلمی بڵندی سینەمایی، ڕۆژی 22ی نۆڤەمبەری 2021 بە پێشکەش کردنی خەڵاتەکان بە سینەماکارانی براوە کۆتایی پێدێت.
مەنسوور جیهانی