لاهور شێخ جەنگی: ئەولەویەتی یەكێتی جێبەجێكردنی لامەركەزیی و دابینكردنی مووچەیە

(0) / / جهان / زایەڵە یەکێتی لامەركەزیی لاهور شێخ جەنگی


Feb 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێشوازی كرد لە سەرۆكی سەرجەم زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەولەویەتی یەكێتی جێبەجێكردنی لامەركەزیی و دابینكردنی مووچەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی، لە دیدراێكدا كە هەریەك لە د.سۆران جەمال تاهیر و د.میران محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئامادەیبوون گفتوگۆ كرا دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و پرسی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندن لە ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكان.
لاهور شێخ جەنگی سوپاسی سەرۆكی زانكۆكان و لەڕێگەی ئەوانیشەوە سوپاسی خۆڕاگریی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی كرد كە سەرباری بێ موچەیی و بەردەوامی قەیرانەكان، نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن پەكی بكەوێت و دڵسۆزانە بەردەوامبوون لەڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان.
لاهور شێخ جەنگی پشتگیری و پشتیوانیی بۆ سەربەخۆیی زانكۆكان دووپاتكردەوەو نیگەرانی خۆی نیشاندا لە بەمەركەزیكردن و قۆرغكاریی لەڕێنمایی و بڕیارە زانستی و كارگێڕییەكانیان و رایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی پێویستە بەشێك لە دەسەڵاتە دارایی و كارگێڕییەكان بۆ زانكۆكان شۆڕ بكرێتەوە لەپێناو ئاسانكردنی راپەڕاندنی كاروبارەكانیان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لەزانكۆكان و گرنگیدانی زیاتر بەتوێژینەوە زانستییەكان.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا لاهور شێخ جەنگی باسی لەو دۆخە هەستیارەی ئێستا كرد و جەختیكردەوە كە ئەولەویەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئێستادا جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزییە لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێم لەگەڵ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران وەك دوو پرسی گرنگ و وتیشی لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ و هەنگاوەكانمان خستووەتەگەڕ.
دوپاتیشی كردەوە كە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی دەبێتە مایەی سەقامگیریی ئابووری و سیاسی و هەر جۆرە دواكەوتنێكیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیستمە دەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری كە زەرەرمەندی یەكەم تیایدا هاووڵاتییانی هەرێمەكەمانە.
جەختیشی كردەوە كە گەرەنتی قوتی هاووڵاتییان و مووچەی مووچەخۆران بەندە بەڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، لەگەڵ پشتگیریی بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیەی كە تایبەیە بەپشكی بودجەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە ئێستادا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتەكانیش سەرنج و بیروبۆچوونی خۆیان خستەڕوو، سوپاسی پشتگیریی و پشتیوانییەكانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان كرد و هاوڕابوون لەسەر كۆی پرسەكان و پشتیوانیی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی دوپات كردەوە.
کۆتایی/.