پەرلەمانتارێک هۆکاری دواکەوتنی موچە بۆ زایەڵە دەخاتەڕوو

(0) / / گفتگو / زایەڵە مووچە عومەر گوڵپی


Dec 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، حکومەتی‌ هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی، چەندینجار بەڵێنیان بە مووچەخۆران ‌و فەرمانبەراندا کە لە ٢٥ی‌ هەموو مانگێک دەست بەدابەشکردنی‌ مووچە دەکەن و لە یەکی‌ مانگ کۆتایی‌ پێ دێنن، وا بۆ چوار مانگ دەچێت حکومەت ناتوانێت ئەم بەڵێنانەی‌ بباتە سەر، لەم مانگەشدا عەیبەکەیان باشتر دەرکەوت کە ئەمرۆ پانزە ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر مووچەی‌ مانگی‌ یانزەو هێشتا مووچەی‌ پێنج وەزارەت‌و خانەنیشنینان دابەش نەکراوە .
عومەر گوڵپی ئەندامی  پەرلەمانی کوردستان لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری   زایەڵە ڕایگەیاند، بەپێی‌ بەدواداچوونی‌ من، دواکەوتنی‌ مووچە پەیوەندی‌ بە نەبوونی‌ پارەوە نیە، بەڵکو دواخستنی‌ مووچە تەنها دوو هۆکاری‌ هەیە یەکەم ناکۆکی‌ سیاسی‌ هەردوو حزبی‌ دەسەڵات کە بووەتە هۆی‌ دەستبەسەراگرتنی‌ بەشێکی زۆر لە داهاتی‌ سلێمانی‌ لەلایەن یەکێتی‌‌و لە بەرانبەردا پارتیش دەستی‌ بەسەر بەشێکی زۆر لە داهاتی‌ هەولێرو دهۆکدا گرتووەو نایگەڕێننەوە خەزێنەی‌ گشتی‌.
وتیشی: دووەم هۆکار ئەیانەوێت مووچەی‌ مووچەخۆران ببەستنەوە بەو دوو سەد ملیارەی‌ لە بەغداوە دێت، بۆ ئەوەی‌ بە بەغدا بڵێن ئێمە ئەو مووچەیە بۆ مووچەخۆران خەرج دەکەین، وەک ئەوەی‌ لە یاسای‌ بودجەی‌ عێراقدا بۆ ساڵی‌ ٢٠٢١ هاتووە، لە کاتێکدا داهاتی‌ نەوت‌و داهاتەکانی‌ گومرگ‌و باج‌و ڕسومات لە کوردستان بەتەواوەتی‌ بەشی‌ دابەشکردنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران دەکەن و هیچ پێویست نیە فەرمانبەران برسی‌ بکرێن بەهۆی‌ نەناردنی‌ دوو سەد ملیارەکە یانە دواکەوتنی‌.
سازدانی - کامەران کەریم