ئیدارەی گەرمیان لە ئامادەباشیدایە بۆ روبەروبونەوەی مەترسیەكانی لافاو

(0) / / کردستان / زایەڵە لافاو گەرمیان


Dec 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەمەبەستی روبەروبونەوەی مەترسیەكانی دروستبوونی لافاو شەوی ڕابردوو (17ی كانوونی یەكەم)، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكان كۆبووەوە و تیمەكانی شارەوانیەکان و رێگاوبان ودەزگا ئەمنیەكان لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ بەدەمەوەچونی هاوڵاتیان و روبەروبونەوەی مەترسیەكانی لەئەگەری رودانی لافاو.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە كۆبونەوەكەدا، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو، بەپێی پێشبینیەكانی كەشناسی هەرێم شەپۆلێكی بارانبارن بەڕێوەیە و ئەگەری دروستبونی لافاو هەیە، بۆ روبەربونەوەی مەترسیەكان پێویستە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكان و دەزگا ئەمنیە پەیوەندیدارەكان لە ئێستاوە لە ئامادەباشیدا بن بۆ ئەو مەبەستە.
جەختیشیكردەوە، بە بەردەوامی چاودێری بارودۆخەكە دەكەین و لەئەگەری دروستبوونی مەترسییەكان لەسەرجەم شاروشارۆچكەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەری یەكە ئیداریەكان بەخۆیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە ئامادەباشیدان.
هاوكات لە كۆبونەوەكەدا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكان تاوتوێی بابەتەكەیان كرد و باسیان لە مەترسیەكان كرد، بڕیاردرا بەپێكهێنانی چەند تیمێكی فریاگوزاریی بە توانای مرۆیی و پێداویستی لۆجیستیەوە بۆ ئەوەی لە ئامادەباشیدا بن بۆ بەهاناوەچونی هاوڵاتیان لە ئەگەری مەترسیەكان و دروستبونی لافاو.
کامەران کەریم