200 خێزانی دانیشتووی گوندی شێنێ به‌هۆی بۆردوومانه‌كه‌ی توركیاوه ماڵوحاڵیان چۆڵ كرد

(0) / / جهان / زایەلە بۆردوومان تورکیا پەکەکە گەریلا تیرۆر


Feb 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

زۆرینەی دانیشتوانی گوندی شێنێ کە نزیکەی 200 خێزان دەبن بەهۆی مەترسی دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکان لە لایەن سوپای تورکیاوە، ماڵەکانیان بەرەو قەڵادزێ چۆڵکردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەلە، بەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ لەسنوری قەزای پشدەر رایگه‌یاندوه‌ كه‌ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ ماوەی نزیکەی دو کاتژمێر بەسەر ئاسمانی سنوورەکەدا سووڕاونەتەوە و 8 موشەکیان ئاڕاستەی گوندی شێنێ لە سنوری ناحیەی هەڵشۆ کردووە، ئه‌مه‌ش زیانی مادی لێکەوتوەتەوە و پەنجەرەی هەمو ماڵەکانی گوندەکە شكێنراون.
ئاماژەی بەوەش کرد: هەرچەندە پێشوتریش فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زۆرینەی ناوچەکانی قەندیل تا ئامێدیان بۆردومان کردوە، بەڵام ئەوە یەکەمجارە سنووری گوندی شێنێ بەو شێوەیە و بەچڕی بۆردومان دەکرێتو.
وتیشی: پاساوی بۆردوومانەکانیش ئەوەیە کە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەناوچەکەدا بوونیان هەیە، بەڵام لەبنەڕەتدا هیچ بارەگایەکی پەکەکە لەو سنوورەدا بوونی نییە.
ئاماژەی بەوەش دا: بەهۆی پەشێوەی و مەترسی دوبارە بونەوەی بۆردومانەکان لە ئێستادا زۆرینەی دانیشتوانی گوندی شێنێ ماڵەکانیان بەرەو قەڵادزێ چۆڵ کردوە، کە گوندەکە ئاوەدانترین گوندی ناحیەکەیە و پێکهاتوە لە زیاتر لە 200 خێزان.
 بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ داواشی لەلایەن پەیوەندیدارەکان كرد هەوڵ بدەن ئەو بۆردوومانانە لە سنوورەکە، ناوچە سنوورییەکان و گوندەکان دووربخرێنەوە.
کۆتایی/.