وردەکاریی گفتوگۆکانی بارزانی لەگەڵ شاندی هاوپەیمانییەکانی تەقەدووم و عەزم

(0) / / کردستان / مەسعود بارزانی تەقەدووم عەزم هەولێر


Jan 08, 2022

قەبارەی فۆنت:

مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوپەیمانییەکانی تەقەدووم و عەزم کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا "جەخت لە پێویستی لەیەکدی نزیککردنەوەی پێکهاتەکانی عێراق و رەچاوکردنی بەرژەوەندی و سەقامگیریی عێراق کرایەوە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شاندێکی هاوپەیمانیی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبوسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر ئەمڕۆ شەممە 08-01-2022 سەردانی هەولێریان کرد و لە سەلاحەدین لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەنگاوەکانی دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕکراوە.
کاژێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی هاوبەشی هاوپەیمانییەکانی تەقەدووم و هاوپەیمانیی عەزم گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لێکرا.
سەردانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 07-01-2022، شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتیی لە بەغدا لەگەڵ دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کە دوو گەورەترین هاوپەیمانیی سوننەن لە بەغدا کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕووداو، دوای کۆبووونەوەکە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "شاندەکە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی باسی دوایین پێشهات و بەرەوپێشچوونەکانی ئەم دواییەیان کردووە دوابەدوای سەردانی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا. هەروەها باسی ئەوە کراوە کە بەیانی رۆژی دیاریکراوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی ئەو پۆستانەی کە هەیە".
بە گوتەی مەحموود محەممەد ئەوەی گرنگە، ئەوەیە "سوننەکان بڕیاریانداوە بەیەکەوە بەشداریی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بکەن، لە هەمان کاتدا خواستی ئەوەیان هەبوو لە کورد نزیکبن، بە هەردوولاشمان ئێمە و ئەوانیش جەختمان لەوەکردەوە هەوڵ بدەین برایانی شیعە لەنێو خۆیاندا رێکبکەون بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینە بەرەو پێشەوە بچێت و چیدیکە ئەو دواخستنە بەردەوام نەبێت".
مەحموود محەممەد گوتیشی کە ئەوان وەکو پارتی و یەکێتی "لەسەر کارنامەی هاوبەش رێککەوتووین، دەمێنێتەوە سەر پۆستەکان ئەویش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هێشتا سەرۆککۆمار کاتی ماوە، سبەی ئەگەر پەرلەمانیش دەستبەکاربێت ماوەیەک لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار دیاری بکرێت، ماوەیەکی دیکەش لەبەردەستدادەبێت بۆ ئەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران دیاری بکرێت".
دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.