دوو رۆژ پشووی فەرمی لە سلێمانی راگەیێندرا

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی پشوو بەفربارین


Jan 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و سەختیی کەشوهەوا بڕیاریانداوە بە راگرتنی دەوامی فەرمی لە سنووری پارێزگاکە بۆ ماوەی دوو رۆژ.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، "پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و سوختیی کەشوهەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان، دوابەدوای راوێژ و راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان" بڕیارەکە دراوە.
بەپێی بڕیارەکە، دەوامی فەرمی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا لە رۆژانی 18 و 19ی کانوونی دووەمی 2022 رادەگیرێت، بڕیارەکەش ئەو فەرمانگە و کارمەندانە ناگرێتەوە کە لە ئەرکی خزمەتگوزارییە گشتی و خێراکان و ئێشکگریدان.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە پرۆسەی خوێندن رادەگیرێت و تاقیکردنەوەکانیش دوادەخرێن بۆ 25ی مانگ بەپێی خشتەی دیاریکراوی تاقیکردنەوەکان.