بڵێسە جەبار فەرمان: کورد بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە یەکڕیزیی شیعەی تێکدابێ / پێمان باشە حکومەتی تەوافوقی دروستبکرێ

(0) / / عراق / بڵێسە جەبار فەرمان زایەڵە یەکێتی حکوومەت زۆرینە


Jan 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتیی لەگەڵ حکومەتی زۆرینە نییە و گوتیشی:"لەلایەن هەندێک لایەنەوە کورد بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە یەکڕیزی شیعەی تێکدابێ".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەبی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: " کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی بەردەوامە و بە نزیکەیی ئێواران لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سەرۆککۆمار کۆدەبنەوە، ئێمە لەگەڵ یەکڕیزیداین و لەگەڵ حکومەتی زۆرینە نین، پێمان باشە حکومەتی تەوافوقی دروستبکرێ، ئەم شێواز و سیستمە بیرۆکەی جەنابی مام جەلال و جەنابی کاک مەسعود بووە پێشتر لە بەغدا چەسپاندوویانە".

 بڵێسە جەبار فەرمان گوتی: "وەک دەزانن کورد ئێستا لە عێراقدا کەمینەیە، ئەگەر بچینە پاڵ حکومەتێکی زۆرینە، لەوانەیە لە داهاتوودا شێوازێکی دیکەی حوکمڕانی بێتە پێشەوە کە کوتلە زۆرینەکان یەکبگرنەوە و کورد تێیدا زەرەرمەند ببێت، ئێستا قسە زۆر لەسەر ئەوە دەکرێ حکومەتەکانی پێشووتر کە تەوافوقی بوون شکستیان هێناوە، بەڵێ ئەمە راستە. بەڵام هەر ئەم سەرکردە و لایەنانەی کە ئێستا داوای حکومەتی زۆرینە دەکەن، بەشی زۆری وەزارەتەکان و وەزارەتە سیادییەکانیان لابووە و گرفتی گەورەش لە وەزارەتەکانیاندا هەبووە. پێویستە بیر لە باشترکردنی حوکمڕانی، نەهێشتنی گەندەڵی و باشکردنی سیستمەکە بکەین و کورد یەکڕیزبێت".

بڵێسە جەبار فەرمان، کە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتار بووە ئاماژەی بەوەکرد، پارتی و یەکێتی جەختیان لە یەکڕیزی کردووەتەوە، هەر لایەک بە تەنیا لە ململانێ و شەڕێکدا سەرکەوتووبێت، لە داهاتوودا هەر دەدۆڕێین، دەبێ بیر لە رێککەوتنێکی بەهێز بکەینەوە و دەبێ پۆستی سەرۆککۆمار هەر بۆ کوردبێت و پێداگری لەسەر بکات، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد بەشێکی سەرەکی عێراقە.

 ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و ڤیتۆی پارتی لەسەر یەکێک لە بەربژێرەکان گوتی:"ئێمە وەکو یەکێتی ڤیتۆمان لەسەر سەرۆکی هەرێم نەبووە و هەرکەس دانرابێ ئێمە پشتگیریمان کردووە، هیچ کات ڤیتۆمان لەسەر جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەبووە کە پارتییە، دەبێ ئێمە رێگری لەوە بکەین کە بەعسییەکان نەگەڕێنەوە، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر گەیشتوونەتە پەرلەمان، کە بیرکردنەوەی بەعسییان هەیە".

لەبارەی دوو بەربژێرەکەی یەکێتیشەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار گوتی: "هەردووکیان هەڤاڵی یەکێتین، دەبوو پارتی بەربژێری نەبووایە بۆ ئەو پۆستە و ڤیتۆی نەبێ بۆ بەربژێری ئێمە. دەبوو رێککەوتن لەسەر کارەکانی سەرۆککۆمار بکرێت."

 بڵێسە جەبار فەرمان باسی زیانەکانی دانوستاندنی لایەنە کوردستانییەکانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا کورد بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە یەکڕیزی شیعەی تێکدابێ، بینیمان کە هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی و هێرشیش کرایە سەر دوو بەنکی کوردی لە بەغدا. پارتی ناتوانێ بە تەنیا نوێنەرایەتی کورد بکات لە بەغدا، دەبێ پارتی بیر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیش بکاتەوە و نابێ بەمجۆرە هەڵسوکەوت بکات. دەبێ ئێمە یەکگرتووبین، لە خولی چوارەمدا لە زۆر پرس و یاسادا بە یەکنەگرتنمان زیانی زۆرمان کرد".