1 / 7
2 / 7
3 / 7
4 / 7
5 / 7
6 / 7
7 / 7

(0) / / کردستان / زایەڵە کارەبا چەمچەماڵ


Jan 25, 2022

قەبارەی فۆنت:

شاندێکی وەزارەتی کارەبا بۆ بەدواداچوون و چارەسەری کێشەکانی کارەبا سەردانی چەمچەماڵیان کرد
قایمقامیەتی چەمچەماڵ  ڕایگەیاند، دوای سەردانی دوێنێ دووشەممەی قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ بۆ وەزارەتی کارەبا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز وەزیری کارەبا ، ئەمڕۆ ٢٥/ ١/ ٢٠٢٢ شاندێکی وەزارەتی کارەبا کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەرانی گشتی (بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشکردن)ی کارەبای دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی سەردانی قەزای چەمچەماڵیان کرد و لەدیوانی قائیمقامیەت لەلایەن ( ڕەمک ڕەمەزان) قائیمقامی چەمچەماڵ پێشوازی کران.
لە کۆبونەوەیەکدا لە دیوانی قائیمقامیەت کە بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ ئامادەی بوو، کۆی کێشەکانی کارەبا لە چوارچێوەی دابەشکردنی کارەبادا کە خۆی لە کێشەی وێستگە و فیدەر و تۆڕەکان دەبینیەوە خرایە بەردەستی شاندەکە.
دواتر و لە سەردانێکی مەیدانیدا وێستگەی دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەیان بەسەرکردەوە و بڕیارلەسەر دوو خاڵ وەک چارەسەری هەنووکەیی و ستراتیژی بۆ قەزای چەمچەماڵ درا:
٭ بڕیاردرا بە فراوانکردنی وێستگەی دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ و زیادکردنی محویلەیەکی 63MVA  بۆ وێستگەکە وەک چارەسەرێکی خێرا .
٭ بڕیاردرا لەسەر دانانی وێستگەیەکی دابەشکردنی کارەبای جێگیر  بە توانای3×63MVA  وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ سەرجەم گرفتەکانی دابەشکردنی کارەبا لە سنورەکەدا.
هەر ئەمڕۆ تیمێکی پسپۆری کارەبای سلێمانی بەمەبەستی ئامادەکردنی دەرخستەی هەردوو وێستگەکە سەردانی چەمچەماڵیان کردوو بڕیارە لە زووترین کاتدا دەرخستەکان ئامادەبکرێت و بەرزبکرێتەوە بۆ وەزارەتی کارەبا بۆ ئەوەی ڕەزامەندی فەرمی لەسەر بدرێت.
دەربارەی کێشەی ناحیەی تەکیە وەک چارەسەرێکی خێرا بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ڕەزامەندی دا بە دابینکردنی وێستگەیەکی مۆبایلی ٢٥ مێگاواتی کارەبا کە لە شوێنی وێستگە ١٠ مێگاواتیە مۆبایلەکەی ئێستای ناحیەکە دابنرێت و بەوەش کێشەی ئۆڤەرلۆد و بەناچاری کوژاندنەوەی کارەبای گەرەکەکان و نزمی ڤۆڵتیە چارەسەر دەبێت.
دەربارەی کێشەی کارەبای بیرەکانی ئاو لە سنوری کانی شەیتان بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی داوایکرد لە ڕێگای پارێزگاوە نوسراو بکرێت و بۆئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدرێت کە لەسەر بودجەی کارەبا جێ بەجێ بکرێت.
کامەران کەریم