زیاتر له‌ ٦٠ ملیۆن تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونه‌ته‌وه‌

(0) / زایەڵە کۆرۆنا چاکبوون


Jan 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیھاندا دوای تووشبوونیان بە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، ٦٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاند.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە سەرانسەری جیھاندا دوای تووشبوونیان بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-١٩) چاکبوونەتەوە، ٦٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاند.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ماڵپەری "Worldometer"دا بڵاوکراوەتەوە و پشت بە ئامارە نوێیەکانی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەبەستێت لە جیھاندا، ٦٠ ملیۆن و ٩٧ ھەزار و ٩٧ کەس توانیویانە بەسەر نەخۆشیەکەدا سەربکەون.

ئەو چوار وڵاتەی بەرزترین رێژەی تووشبوون بەو پەتا جیھانییەیان تیادا تۆمار کراوە، ھەروەھا لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیشدا دێن کە زۆترین تووشبوو بە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

بەم جۆرە ١٢ ملیۆن و ٣٦١ ھەزار و ٣٨٧ تووشبوو لە ئەمریکا، نۆ ملیۆن و ٩٢٧ ھەزار و ٣١٠ تووشبوو لە ھیندستان، شه‌ش ملیۆن و ٧٦٩ ھەزار و ٤٢٠ تووشبوو لە بەڕازیل و دوو ملیۆن و ٥٩٩ ھەزار و ٣٥ تووشبووش لە رووسیا چاکبوونەتەوە.

ھەروەھا لە تورکیاش تاکوو ٢ی کانوونی یه‌كه‌م دوو ملیۆن و ١٢٦ ھەزار و ٤٣٢ تووشبوو چاکبوونەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە لە چین سەری ھەڵدا لە ماوەیەکی کورتدا، بە زیاتر لە ٢٠٠ وڵات و ھەرێمدا بڵاوبووەتەوە و بووە پەتایەکی جیھانگیر.

لە کاتێکدا لەسەرتاسەری جیھان ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە گەیشتووەتە، ٨٤ ملیۆن و ٩٨٢ ھەزار و ٨٧٩ حاڵەت، کۆی گشتیی ئەوانەی بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ یەک ملیۆن و ٨٤٣ ھەزار و ٥٥٦ کەس.

ھەروەھا ٢٣ ملیۆن و ٤٢ ھەزار و ٢٢٦ تووشبوو ھێشتا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.

کۆتایی/.