ڕۆژە سەختەکانی بن سەلمان لەگەڵ بایدن

(0) / گفتگو


Feb 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شارەزایەکی بابەتەکانی پەیوەست بە ڕۆژئاوای ئاسیا، بە ئاماژە کردن بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە وتبووی ئیدی واشنتۆن پشتیوانی لە هاوپەیمانی سعوودیا لە شەڕی یەمەن ناکات، وتی: لێدوانەکانی ئەم دواییەی جۆ بایدن چەندین سیگناڵی مەترسیدار لەخۆ دەگرێت کە لە لایەن کۆشکی سپی بۆ ڕیاز دەنێردرێت کە گوایە سەردەمی دۆناڵد ترامپ کۆتایی هاتووە، سەردەمی تاکڕەوی عەرەبستانی سعوودیا کۆتایی هاتووە و محەمەد بن سەلمان ڕۆژانێکی سەختی لە بەردەمدایە.
حەسەن هانی زادە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، به ئاماژە کردن بەوەی کە لێدوانەکانی ئەم دواییەی جۆ بایدن لەمەڕ سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی یەمەن و کۆتایی پشتیوانی واشنتۆن لە داکۆکیکەرانی شەڕی یەمەن دەرخەری ئەوەیە کە چەندین گۆڕانکاری لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە عەرەبستانی سعوودیا هاتووەتە ئاراوە، ڕاگەیاند: لەڕاستیدا جۆ بایدن سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت شەڕی یەمەن بەخێرایی کۆتایی بێت و عەرەبستانی سعوودیا لەم ناوچەیەدا کۆتایی بە هێرشەکانی خۆی بهێنێت.
هەروەها بە ئاماژە کردن بەوەی کە یەکێکی دیکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم بوارە تەوەری هاوسەنگی هێزە لە ناوچەکە، بیری هێنایەوە: حکومەتەکەی جۆ بایدن بێ مەیلی خۆی بۆ فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سعوودیا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، ڕاگەیاندووە و بەشێوەیەک لە شێوەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیدی چەکی زۆرتر بە عەرەبستانی سعوودیا نافرۆشێت و ئەمەش خۆی دەرخەری ئەوەیە که هێدی هێدی چەندین گۆڕانکاری لە تێڕوانینی ئەمریکا سەبارەت بە عەرەبستانی سعوودیا و بن سەلمان بەدی دەکەین.
ئەم ڕۆژنامەوانە بە ئاماژە کردن بەوەی که لێدوانەکانی ئەم دواییەی جۆ بایدن سیگناڵێکی مەترسیدارە کە کۆشکی سپی بۆ ڕیازی ناردووە، ئاشکرای کرد: ئەم سیگناڵانە هەڵگری ئەو پەیامەیەیە بۆ ئالی سعوود کە سەردەمی دۆناڵد ترامپ کۆتایی هاتووە،سەردەمی تاکڕەوی عەرەبستانی سعوودیا کۆتایی هاتووە و محەمەد بن سەلمان ڕۆژانێکی سەختی لە بەردەمدایە.
ئەم شارەزایە لە بابەتەکانی پەیوەست بە ڕۆژئاوای ئاسیا بەو بڕوایەی کە جۆ بایدن هێدی هێدی بازنەی گوشار لەسەر دەسەڵاتی ئێستای عەرەبستانی سعوودیا بچووکتر دەکات، بەم شێوەیە درێژەی پێدا: وادیارە که جۆ بایدن دەیەوێت چەندین گۆڕانکاری بنەڕەتی له هەیکەلی دەسەڵاتدارییەتی عەرەبستان بکات و ئەگەری ئەوەش لەئارادایە کە ئەمریکا هەستێت بە لابردنی محەمەد بن سەلمان و محەمەد نایف کە ئێستا لە ماڵەوە بەند کراوە، بخاتە شوێنەکەی ئەو. لەلایەکی دیکەوە بە لەبەرچاوگرتنی سکاڵای منداڵەکانی جەمال قاشۆقچی لە دژی محەمەد بن سەلمان لەبەر کوشتنی باوکیان لە دادگاکانی ئەمریکا، ئەو بۆچوونە لەئارادایە کە دادگای فیدراڵی ئەمریکا محەمەد بن سەلمان بۆ دادگای کردن بانگهێشت بکات.
هانی زادە بە ئاماژە کردن بەوەی کە لەوانەیە ڕۆژانێکی سەخت چاوەڕوانی عەرەبستانی سعوودیا و محەمەد بن سەلمان بێت، وتیشی: وادیارە کە جۆ بایدن بەنیازە چەندین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵاتدارییەتی عەرەبستانی سعوودیادا بکات چونکە تێڕوانینی جۆ بایدن بۆ دەسەڵاتدارییەتی ئێستای عەرەبستانی سعوودیا زۆر ئەرێنی نیە.
هەروەها سەبارەت بە لێدوانەکانی جۆ بایدن کە گوایە ئەمریکا لە بەرانبەر هەر هێرشێکی نەخوازراو داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی عەرەبستانی سعوودیا دەکات و پابەندی ئەم بڕیارەش دەبێت، ڕایگەیاند: نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە عەرەبستانی سعوودیا هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا. پاراستنی عەرەبستانی سعوودیا بۆ ئەمریکا گرنگە و هەر لەم چوارچێوەیشدا جەخت لە بابەتی بەرگری لە عەرەبستانی سعوودیا دەکات هەڵبەت هەر بەو شێوەیەی کە ئاماژەمان پێکرد بە لەبەرچاوگرتنی جۆری هەڵوێستەکان، تیمە نوێکەی ئەمریکا بەتایبەت جۆ بایدن تێڕوانینیکی ئەرێنیان بۆ دەسەڵاتدارییەتی ئێستای عەرەبستانی سعوودیا نیە.

کۆتایی/.