ئەمریکا هەندێ گەمارۆی ئەتۆمیی سەر ئێرانی هەڵگرت

(0) / / ایران / زایەڵە گەمارۆ ئەتۆمی


Feb 05, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەمریکا هاوکات لەگەڵ دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، هەڵگرتنی هەندێ گەمارۆ لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی تارانی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەسۆشێتێدپرێس بڵاوی کردەوە، هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر چەند بەشێکی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە لەپێناو یارمەتیدان بۆ گەیشتنە ئەنجامی دانوستانەکانی ڤیەننا بووە.
ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی بە کاتی ئەمریکا چەندین گەمارۆی هاوپێوەند بە پڕۆگرامی ئەتۆمی ناسەربازیی ئێرانی واژۆ کرد و ئەمە بڕیارەکانی ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە لەبارەی ئەو گەمارۆیانەی هەڵوەشاندەوە.
دانوستانەکانی ڤیەننا گەیشتۆتە قۆناغێکی هەستیار بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران و گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک بۆ کۆنگرێس، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەڵگرتنی ئەم گەمارۆیانە یارمەتی گەیشتنە ئەنجامی دانوستانەکانی ڤیەننا و زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئێران بۆ پابەندییەکانی دەدات.
بە گوێرەی بڕیاری نوێی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر پڕۆگرامی ئەتۆمیی سەر ئێران، وڵاتان و کۆمپانیاکانی بیانی دەتوانن لە پڕۆژە ناسەربازییەکانی هێزگەی ئەتۆمی بووشێهری ئێران، ئاوی قورسی ئەراک و ڕێئاکتۆری توێژینەوەیی تاران کار و چالاکی بکەن.