عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: داھاتی گازی سروشتی هه‌رێم سفر بووه و دوو ملیار دۆلاریش له‌سه‌ری دۆڕاوین
(0) /
په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه "هه‌رێمی كوردستان له گازی سروشتی‌دا له پله‌ی هه‌شته‌می جیهان دایه، به‌ڵام حكومه‌ت له‌بری ئه‌و سامانه‌ی كه ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستانه، هێشتا چاوی له‌سه‌ر نه‌وت هه‌ڵنه‌گرتووه، تاكه سودمه‌ندی گازی سورشتی هه‌رێمی كوردستانه ته‌نها دانه‌گازه، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایه هیچ داهاتێكی نه‌خستووه‌ته خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته‌وه، به‌ڵام حكومه‌ت دوو ملیار دۆلاریشی پێ دۆڕاندووه".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عه‌لی حه‌مه ساڵح په‌رله‌مانتاری گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسیویه‌تی: "بۆ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌دیلی به‌ھێز (گازی سروشتی)ه، كه (3%)ی گازی سروشتی ھه‌موو جیھان له هه‌رێمی كوردستانه، پلانێكی تۆكمه بۆ وه‌به‌رھێنان له‌و بواره‌دا كوردستان ده‌باته قۆناغێكی تره‌وه.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سود له‌و ھه‌ڵه كوشندانه‌ی دۆسیه‌ی دانه‌گاز وه‌رنه‌گیرێت ئه‌م ڕه‌حمه‌ته ده‌بێته نه‌فره‌تێكی گه‌وره.. تائێستا داھاتی گازی سروشتی سفره‌و زیاتر له (دوو ملیار) دۆلاریش به دادگا دراوه به دانه‌گاز...".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسی له‌وه كردووه كه "كۆمپانیای دانه‌گاز ساڵی 2005 له ئیمارات دامه‌زراوه سه‌ره‌تا له ئیمارات كاریان ده‌كرد، دواتر ھاتنه ھه‌رێمی كوردستان، له كێڵگه‌ی كۆرمۆر كارده‌كات، كه (45 )كم له كه‌ركوكه‌وه دوره، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه، درێژی ئه‌م كێڵگه 35 كم و پانیه‌كه‌ی 4كم-ه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "داناگازو ھاوبه‌شه‌كانی وه‌ك خاوه‌نی كێڵگه‌ی (قادر كه‌ره‌م) ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆمپانیایه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ھه‌رێمدا هه‌یه‌تی بریتیه له ڕه‌شنوسی گرێبه‌ست (Heads of Agreement) ، له ھیچ شوێنێكی یاسای نه‌وت و گازدا شتێك نییه به‌ناوی ڕه‌شنوسی گرێبه‌ست؟ له ھه‌موو جۆره گرێبه‌سته نه‌وتی و گازیه‌كاندا به چاك و به‌خراپ شتێك نییه به ناوی ڕه‌شنوسی گرێبه‌ست!".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "كێڵگه‌ی قادر كه‌ره‌م سێ جۆر به‌رھه‌می ھه‌یه، یه‌ك: LPG (غازی ماڵان) ئه‌م به‌رھه‌مه دانه‌گاز خۆی ده‌یفرۆشێت و كۆی پاره‌كه‌ی بۆ خۆیه‌تی، به‌رھه‌می ڕۆژانه‌ی (هه‌زار و 70) ته‌نه‌و ھه‌ر ته‌نێك به( 305) دۆلار ده‌فرۆشێت و داھاتی مانگانه‌ی (٩ ملیۆن و ٧٩٠ ھه‌زار) دۆلاره!، پار ساڵ دانه‌گاز ته‌نی گازی به (285 دۆلار) فرۆشتووه و ئه‌م ساڵ كردویه‌تی به (305 ) دۆلار، ئه‌م زیادكردنه‌و به‌رزبونه‌وه‌ی به‌ھای دۆلار بووه به‌ھۆكار بۆ گرانكردنی غازی ماڵان له‌سه‌ر ھاوڵاتیان له‌م دۆخه قه‌یراناویه‌دا..".
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "ھه‌رچه‌نده ئه‌مه موڵكی خه‌ڵكی كوردستانه، به‌ڵام ئێستا به‌روارد به‌و گازه‌ی له كه‌ركوك به‌رھه‌مدێت، نرخی غازی ماڵانی قادر كه‌ره‌م گرانتره، بۆیه ئه‌ركی حكومه‌ته سنورێك بۆ ئه‌م گرانكردنه دابنێ و بیگه‌ڕێته‌وه بۆ نرخی پێشووی و سیستمی فرۆشتنی دابنێ".
باسی له‌وه‌شكردووه كه به‌رهه‌می دووه‌می كێڵگه‌ی قادر كه‌ره‌م، كۆندێن سه‌یت-ه، به‌رھه‌می ڕۆژانه‌ی( هه‌زارو 753) ته‌نه، حكومه‌تی ھه‌رێم ھه‌مووی ده‌كڕێته‌وه ته‌نی به (370) دۆلار و ده‌یكاته ناو بۆری نه‌وتی كوردستان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی نه‌وت.. داھاتی مانگانه‌ی (١٩ ملیۆن و ٤٥٨ ھه‌زار) دۆلاره".
راشیگه‌یاندووه كه "به‌رهه‌می سێیه‌می كێڵگه‌كه ئه‌و گازی سروشتییه‌یه كه بۆ كاره‌با به‌كاردێت، به‌رھه‌می گازی سروشتی (٤٤٥ ملیۆن) پێ سێجایه، له‌م بڕه‌یه (٣٠٥ ملیۆن) پێ سێ جا بێ به‌رامبه‌ر ده‌ده‌نه حكومه‌تی ھه‌رێم و ئه‌وی دیكه‌ی به پاره‌یه. جگه له‌و بڕه‌ی حكومه‌تی ھه‌رێم كوردستان بۆ كارپێكردنی وێستگه‌كانی به‌رھه‌مھێنانی كاره‌با وه‌ریده‌گرێت تاوه‌كو ئێستا داھاتی حكومه‌ت سفره، دانه‌گازیش جگه له‌وه‌ی مانگانه (٣٠ ملیۆن) دۆلار قازانجیه‌تی و له دادگاش (٢ ملیار‌و ٢٣٩ ملیۆن) دۆلاری له‌حكومه‌تی ھه‌رێم برده‌وه‌ته‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆریش ده‌توانێت ھه‌ڵسوكه‌وت به به‌رھه‌می كێڵگه‌كه‌وه بكات، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده داناگاز وه‌ك خاوه‌نی ئه‌م كێڵگه ھه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، حكومه‌تی ھه‌رێم نایكات..".
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: تائێستا داھاتی گازی سروشتی هه‌رێم سفر بووه و دوو ملیار دۆلاریش له‌سه‌ری دۆڕاوین
ئاشكراشیكردووه كه "له 2017/5/1 دانه‌گازو ھاوبه‌شه‌كانی له دادگای واشنتۆن سكاڵایه‌كی دیكه‌یان له‌سه‌ر حكومه‌تی ھه‌رێم تۆماركرد، داوای (٢٦ ملیار‌و ٥٠٠ ملیۆن) دۆلاریان له حكومه‌تی ھه‌رێم كرد.. دانه‌گازو ھاوبه‌شه‌كانی سكاڵاكه‌یان كشانده‌وه له به‌رامبه‌ر، چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی دیكه بۆ دانه‌گاز له‌وانه یه‌ك: ماوه‌ی گرێبه‌ستی داناگاز (١٧ )ساڵی دیكه درێژبكرێته‌وه تاوكو ٢٠٤٩. دوو: فراوانكردنی ناوچه‌ی گرێبه‌سته‌كه به زیادكردنی ھه‌ردوو بلۆكی (١٩و ٢٠) بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ٢٠٠٧. سێ: جگه له LPG و كۆندێن سه‌یت كه داناگاز بۆ خۆی ده‌فرۆشێت، حكومه‌تی ھه‌رێم ھه‌ڵده‌ستێت به كڕینی ٥٠٪ ئه‌و گازه زیاده‌ی به‌رھه‌م ده‌ھێندرێت بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، ئه‌و (٥٠٪ )ده‌مێنێته‌وه دانه‌گازو ھاوبه‌شه‌كانی به بازاڕی ده‌كه‌ن..".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه كه "له ڕووی دارایی و ئیداری و حوكمڕانیه‌وه دانه‌گاز خراپترین گرێبه‌سته كه له خزمه‌تی كۆمپانیادایه، به سود وه‌رگرتن له ئه‌زمونی داناگاز، گرنگ و پێویسته وه‌به‌رھێنان له كێڵگه گه‌وره‌كانی گاز ده‌ستپێبكات.. ھێزی گه‌وره‌ی ئابوری كوردستان گازی سروشتیه نه‌ك نه‌وت. ئێستا وه‌به‌رھێنان له خورمه‌ڵه ده‌ستی پێكردوه، چه‌ندین كێڵگه‌ی گه‌وره‌ھه‌ن بۆ وه‌به‌رھێنان..له‌وانه: (میران و چه‌مچه‌ماڵ و بنه‌باوی، عه‌ربه‌ت، تۆپخانه، كورده‌میر، شاكه‌ل ... )كورده‌میرو تۆپخانه دوو ھێنده‌ی كۆرمۆر غازی پاكیان ھه‌یه‌و تۆپخانه ئاماده‌یه بۆ كاركردن..
راشیگه‌یاندووه كه "یه‌ده‌گی گازی سروشتی كوردستان جێگای سه‌رنجه! به‌گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كان، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی یه‌ده‌گی ( 200 تریلیۆن) پێ سێجا یان به واتایه‌كی تر ( 5 تریلیۆن و 700 ملیار) مه‌تر سێجا یه‌ده‌گی گازی سروشتییه، ئه‌مه‌ش 3%ی یه‌ده‌گی گازی دنیا پێك ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاماره وه‌ك پێوه‌ر وه‌ربگرین، ھه‌رێمی كوردستان له دوای رووسیا و ئێران و قه‌ته‌ڕو و ئه‌مریكاو سعودیه‌و توركمانستان و ئیمارات ھه‌شته‌م ده‌وڵه‌مندی دونیایه به سامانی گازی سروشتی، ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی یه‌ده‌ك به‌راورد به دانیشتوان دابنێین، ھه‌رێمی كوردستان له لوتكه‌دایه".
کۆتایی/.
تێبينيێك بنێرە: