بەرپرسێکی پارتی: بریارەکەی سەدر تووشی شۆکی کردین

(0) / / کردستان / پارتی زایەڵە یەکێتی سەدر


Feb 06, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا رایگەیاند کە بڕیاری موقتەدا سەدر بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وەک سوپرایزێکی گەورە وابووە بۆیان و تووشی شۆکی کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەهدی عەبدولکەریم بەرپرسی راگەیاندنی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێگەی "مەعلوومە"ی وتووە: بڕیاری موقتەدا سەدر و کوتلەی سەدر بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک سوپرایزێکی گەورە وابووە بۆلایەنی کوردی بەگشتیی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی.

ڕوونیشی کردۆتەوە کە سەرەڕای ئەو بڕیارە، بەڵام پارتی و رەوتی سەدر چەند هێڵێڵێکی ستراتیژیان بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو هەیە و ناکرێت لەو هێڵە گشتیانە دووربکەوینەوە.

بە وتەی عەبدولکەریم درووستبوونی ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بواری ئەوە بۆ پێکهاتە و کوتلە سیاسییەکان دەرەخسێنێت بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو لایەک پێی رازیی بن، روونیشی کردۆتەوە کە لایەنی شیعی دەتوانن ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بگەنە سازان.

بەرپرسەکەى پارتى جەختیشی کردۆتەوە کە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهینانی حکومەتی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە و چارەسەر دەکرێت.