خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە

(0) / اجتماعی


Feb 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە

رۆژی یەکشەممە 2021/02/07 لە هەرێمی کوردستان دوای داخرانیان بە مەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قوتابخانەکان بەپێی رێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراونەتەوە کە رێنماییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دانراون.

بە گوێرەی رێنماییەکان دەبێت مامۆستا و خوێندکارەکان دەمامک بەکاربهێنن، بە جۆرێک قوتابیانی پۆلی یەک تاوەکو پێنج "دەمامکی پەڕۆ" و پۆلی شەشی بنەڕەتی و شەشی ئامادەیی "دەمامکی گەوران" بەکاربهێنن.

لە هەر قوتابخانەیەکدا لیژنەیەکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییەکان پێکدەهێنرێت کە دەبێت کارمەندێکی تەندروستییشی تێدا بێت.

بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، ئەگەر لە هەر قوتابخانەیەکدا زیاتر لە پێنج قوتابی تووشی کۆرۆنا ببن، ئەوا دەرگای ئەو قوتابخانەیە دادەخرێت.

لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکان لەبارەی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی هاتووە کە دەبێت هەر قوتابییەک لەسەر یەک مێز (رەحلە) دابنیشێت و، دەبێت پاسی قوتابخانەکان نیوەی ژمارەی ئاسایی خوێندکاری تێدا بێت.

هەروەها وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە کە لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی رەوشی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان کە دەبێت کارمەندێکی تەندروستی لەنێویاندا بێت، مامۆستاکان پابەند دەکرێن بە بەکارهێنانی دەمامک، ئەگەریش مامۆستایەک تووشی کۆرۆنا بوو رەوانەی ماڵەوە دەکرێت و دوای هێنانی راپۆرتی چاکبوونەوە دەست بە دەوام دەکاتەوە.

ئەو قوتابخانانەی کە دەکەونە گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکان (بەو مەرجەی ژمارەی قوتابییەکانیان سنوورداربێت) لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ دەوام دەکەن.