1 / 9
2 / 9
3 / 9
4 / 9
5 / 9
6 / 9
7 / 9
8 / 9
9 / 9

(0) / / گفتگو / زایەڵە ڕۆژنامەنووسان کاروان ئەنوەر جام کوردی ئەسفەهان


Feb 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی میدیایی جام کوردی  قۆناغی دووەمی خولی فێرکاری و ڕاهێنانی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی یەک شەممەوە (13 ی شوباتی 2022) لە ناوەندی فێرکاریی شەهید بەهەشتی شاری ئەسفەهان لە ئێران دەستیپێکرد.
لەم خولەدا کە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت 17 پەیامنێر و چالاکی میدیایی لە میدیاکانی پارێزگای سلێمانییەوە، چەندین تەوەری وەک پەیامنێریی دیجیتاڵی و شێوازی نوێی ڕاگەیاندنی هەواڵ و پەیوەندی لە گەڵ بینەران و خوێنەرانی هەواڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فێر دەبن.
كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان کە خۆی هاوڕێیەتی وەفدەکە دەکات، لەبارەی قۆناغی دووهەمی ئەم خولەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی زایەڵە، وتی: ئێمە وەکوو سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستان لە سلێمانی و تۆڕی میدیایی جام کوردی توانیمان ڕچەی ئەوە بشکێنین و بۆ یەکەمین جار خول ببەینە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بەو خوێندکارانەی بەشداری خولەکەن؛ سەرەتا ٦٨ کەس ناویان نووسی کە بە گوێرەی مەرجە دیاریکراوەکان ٢٨ کەس داخلی دەورەکە بوون و ١٧ کەسیان ئامادەییان هەبوو بێنە ئێرە. بەشداربووەکانمان بە دوو گرووپ دابەش کرد. گرووپی A و گرووپی B کە هەر دوو گرووپەکە شارەزایی ئیشەکەیان باشە و توانان و لێک نزیکن لە تواناییدا. مامۆستاکانیش لە ئاستی گرووپەکاندا وانەکان پێشکەش دەکەن، وانەکان وانەی ئەکادیمین و لە کۆتایی خولەکەدا بڕوانامەیێکی فەرمی وەزارەتی پێوەندیدار لە ئێران دەدرەێ بە خوێندکاران و خوێندکارێ کە خولی یەکەمی لە سلێمانی و ئەوەی دیکەی لە ئێران تەواو کردووە و هەڵگری بڕوانامەی فەرمییە، کەسێکە خاوەنی ئەزموونێکی بەنرخە کە بە شێوەی کردەیی دەتوانێ زانستیانە لە پیشەکەی کە کاری ڕۆژنامەنووسییە، بەکاری بێنێت.
ئاماژەی بەوەش دا؛ بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی تەنیا دانیشتن و مێزی زانکۆکان بەس نییە و دەبێ ڕۆژنامەنووس وەک چۆن پێویستە زمانێکی بیانی جگە لە زمانی خۆی بزانێت، بە هەمانشێوە دونیایێکی دیکەش ببینێت جگە لەو دونیای تێیدا دەژیت.
زیاتر وتی: بینینی خول لە وڵاتانی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان بە تایبەت ئەوانەی گەنجن و لە سەرەتای کاری ڕۆژنامەنووسیدان، زۆر زۆر بەسوودە، ئاسۆی ڕوانین و بیرکردنەوەی میدیاییان دەگۆڕێت، شێوازی کار بە تایبەت داڕشتنی هەواڵ و زۆر شتی دیکەی هاوپێوەند بە کاری پیشەییان گۆڕانی بەسەردا دێت. گەنجی ئێمە بە داخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا نەیتوانیوە بڕواتە دەرەوە بۆ بینینی خول. ئەمە دەرفەتێکی زۆر باش بوو و هەنگاوی یەکەمە هیوادارم بتوانین دووبارە بێتەوە.
کاروان ئەنوەر ڕاشیگەیاند: کە گەنجێک لە سلێمانی بێتە ئەسفەهان و شارێکی گەورەی ئاوا ببینێت و لەو خولانەی گەورەمامۆستاکانی بواری میدیا، بەشدار بێت؛ جێی خۆیەتی سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت. سێ مامۆستای پڕۆفشناڵی زانکۆکانی تاران ئەم خولە بەڕێوەدەبەن کە سوپاسی تایبەتیان دەکەین. جێی خۆیەتی سوپاسی ئەو خوێندکارانەش بکەین کە توانیان تا ئەم کاتە بە شێوازێکی باش لە خولەکەدا بەشداربن و بەهرەی لێی وەرگرن. هیوادارم خوێندکارەکان لەم خولە زیاترین زانیاری و ئەزمون وەربگرن کە گەڕاینەوە بۆ کوردستان و سلێمانی بتوانن ئەزموونەکە بگوازنەوە و بابەتەکان بڵاوبکەنەوە. هیوای ئەوەشم هەیە کە هەموو کەناڵەکانی کوردستان بە بینراو و بیستراو و ئەلیکترۆنی هاوکارمان بن لە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە و ئەو ڕێپۆرتاژانەی کە ئەکرێت. ئەو زەخیرە و ئەزموونەی کە ئەیگەڕێینەوە، کەرەستەیێکی بابەتیانە بێیت کە بتوانین لێرە و لەوێ لە کەناڵەکانی خۆمان بڵاوی بکەینەوە. سوپاسی تۆڕی میدیایی جام کوردی و ئەو ستافە دەکەم کە لەگەڵ ئێمە ماندووبوون.
سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی سەبارەت بە دووبارە کردنەوەی ئەزموونی بەڕێوەبردنی خولی فێرکاری لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی ئێستا، وتی: دووبارە کردنەوەی دەکەوێتە سەر ئەنجامەکانی ئەم خولە. ئەگەر بزانین ئەم خولە سەرکەتوو بوو، بێ گومان هەم ئێمە و هەم دەزگای جام کوردی و ڕێکخراوەکانی تریش دوبارەی دەکەینەوە. واتا ماوە سەر ئەوەی کە خولەکەمان سەرکەوتوو بێت، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەو تیمەی ئێمە هەڵمانبژاردووە کە گەنج و کەسانێکی دڵسۆز و بەتوانان، دەکرێت خولەکە دووبارە بکرێتەوە، دەکرێت لە شوێنی دیکەش ئەمە تاقی بکەینەوە. جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە پێویستە گەنجی کورد دونیای دەرەوەی کوردستان ببینێت. وڵاتی ئێران بۆ خۆی کیشوەرێکە ئەنواع و جۆرەها نەتەوە و وەرز و تایبەتمەندی جیاوازی لەخۆگرتووە و هەر ڕۆژنامەنووسێک بە بینینی ئەم تایبەتمەندیانە زەخیرەیێکی گەورە بەدەست دێنێت.