قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بەشی پێویست نەوتی نییە، بەغدا ئامادەیە مانگانە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ بنێرێت؟

(0) / اقتصادی


Feb 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوانییە حکومەتی ناوەندیی راستەوخۆ بتوانێ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات، ئەو دەڵێت، سلێمانی بەشی پێویست نەوتی نییە و نیوەی زیاتری مووچەی فەرمانبەرانیش بۆ ئەو سنوورەیە، چۆن بەغدا پارەی بۆ دەنێرێ؟.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەک لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی عێراقی کە رۆژنامەی فەرمیی حکومەتی عێراقە لە وەڵامی هەوڵێک بۆ مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەندێک کەس لە هەندێ پارێزگا ئەم پرسەیان ورووژاندووە. پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە پارە بۆ یەک پارێزگای هەرێمی کوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بنێرێت؟".

قوباد تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگای سلێمانی بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: "بۆ نموونە پارێزگای سلێمانی بە بودجەی بەکاربردن و مووچەی فەرمانبەرانی پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە. پرسیارەکە ئەوەیە حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە ئەو کارە بکات، لەکاتێکدا سنوورەکە نەوتی پێویستیشی نییە و تەنیا 11%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو سنوورەیە. بۆیە دیسان ئەو پرسیارە دەکەمەوە حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە بەو شێوەیە راستەوخۆ پارە بۆ سلێمانی بنێرێ؟". قسەکانی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی بێ لێبڕین، مانگانە پێویستی بە 613 ملیۆن دۆلارە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا پرسیاری رێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیای لێدەکرێت کە قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "ئەوەی کە دەگوترێت بۆ فرۆشتنی نەوتە راست نییە، ئێمە نەوتمان بۆ ماوەی 50 ساڵ نەفرۆشتەوە. رێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا تەنیا بۆ هەناردەکردنی نەوتە لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیا بۆ بەندەری جەیهان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە عێراق لەگەڵ تورکیا کردوویەتی بۆ گواستنەوەی نەوت لەرێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش رایدەگەیێنێت، "لە ساڵی 2020 رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا و حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدا 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام رێککەوتنەکە درێژەی نەکێشا و تەنیا دوو مانگ ئەو بڕە پارەیە بۆ هەولێر نێردراوە".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، وەک ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تەنانەت داهاتی نانەوتی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، "بەڵام بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی دەستووردا". لە بەرامبەریشدا، "پێویستە هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت".