نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و زۆر زاڵمانەیە

(0) / / کردستان / زایەڵە دادگای فیدراڵی نەوت گاز نچیرڤان بارزانی میونشن


Feb 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

نێچیرڤان بارزانی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە نەوت‌ و گازی هەرێمی کوردستان به‌ "بڕیارێکی زۆر زاڵمانە" وه‌سف ده‌كات‌ و ده‌ڵێت، "هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بەگفتوگۆو لێکتێگەیشتن ئەم بابەتە لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین.. بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراقە."

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق له‌لێدوانێكیدا ڕایگه‌یاند، "ئەم بابەتە پەیوەندی بە خودی عێراقەوە هەیە، ئەوەش بڕیارێکی زۆر زاڵمانەیە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دراوە، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ئەم بابەتە لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین."

وتیشی‌، "ئەوەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوت کردوویەتی بابەتێکی تەواو دەستوورییە. ئێمە بە پشتبەستن بە دەستووریی هەمیشەیی عێراق ئەو کارانەمان کردووە. ئەم بڕیارەی دادگە پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لەبەرئەوە ئەوەی گرنگە بەلای هەرێمی کوردستان ئێمە پێمان خۆشە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا ئێمە بتوانین چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە."

به‌بۆچونی‌ نێچیرڤان بارزانی، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی لە ئەرزی واقعدا وا بە ئاسانی جێبەجێ ناکرێت، "لێرەدا مەبەست یەک خاڵە؛ ئایا مەبەستی لە دەرکردنی ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی تووشی قەیرانێکی گەورە ببن، ئەوە بڕیارێکی زۆر زاڵمانەیە، ئەگەر مەبەستیش گەیشتنە بە ئەنجامێکی باش پێموایە رێگە هەیە بە گفتوگۆ و دانیشتن و بە جیدییەت هەردوولا هەوڵ بدەین چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزینەوە کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقیش بێت."

له‌باره‌ی‌ دەرفەتی‌ گفتوگۆ بۆ چارەسەری ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی عێراق سەرۆکی هەرێم وتی‌، "ئەگەر بەغدا جیدیە بەڵێ دەرفەت هەیە، ئەگەر بابەتەکەش ئەوەیە دەیانەوێت هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەزیەت بخۆن، نەوەڵا دەرفەت نییە. پێموایە ئەمڕۆ بەغدا بەرپرسیاریێتی ئەوەی هەیە کە دەبێت ئەو بڕیارە بدات و دەرفەت بە گفتوگۆیەکی زۆر جیدی بدات لەو بابەتەوە، کە من پێموایە ئێمە دەتوانین چارەسەر بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە."