سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ تەواوکردنی ژمارەیێک پڕۆژە سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کرد

(0) / / کردستان / زایەڵە گەرمیان کەلار- دەربەندیخان کەلار- کفری


Feb 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

بۆ تەواوکردنی رێگای کەلار- دەربەندیخان و کەلار- کفری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەمڕۆ بەمەبەستی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی بواری رێگاوبان و نیشتەجێکردن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری شاندێک سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کرد.
لەو سەردانەدا و لە دیداری لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی کرد لەبەرامبەر هەوڵەکای  بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەزارەتەکەی لەسنوری ئیدارەی گەرمیان.
هاوکات، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان داوایکرد وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەپلانی کارەکانیدا بودجەی پێویست دابین بکات بۆ تەواوکردنی پرۆژەی دوو سایدی کەلار- دەربەندیخان و تەواوکردنی رێگای کەلار- کفری و تەواوکردنی پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگای سەید خەلیل-گۆبان لەگەڵ ئەوەشدا داوای تەواوکردن و بەگەڕخستنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی بواری رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە کرد، لەوانە تەواوکردنی شوقەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە کەلار و کفری و دوسایدکردنی رێگای پەروێزخان و دروستکردنی پردی مەیدان و تەواوکردنی رێگای مەرزی تیلەکۆ- مەیدان.
دواتر، هەریەکە لە بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان و ئاوەدانکردنەوەی گەرمیان، ووردەکاری کێشە و گرفتیان خستەڕوو.
لای خۆیەوە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند؛ لە رابردودا خەڵکی گەرمیان و سنورەکە هاوشێوەی ناوچەکانی تر، زۆرترین قوربانیان داوە لەپێناو خاک و نیشتیمان، بۆیە شایستەی باشترین خزمەتن، هەربۆیە ئەنجامدانی پڕۆژەکانمان لە گەرمیان لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە.
جەختی کردەوە، لەمساڵیشدا ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ و تەواوکردنی پڕۆژەکانی رابردو لە پلانی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیەو بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، لەسەرو هەمویانەوە تەواوکردنی رێگای دوسایدی دەربەندیخان-کەلار، کە بە هەوڵەکانمان لەماوەی رابردودا رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکەمان گەیاندوەتە زیاتر لە 55٪.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی پڕۆژەکانی سنورەکە دەکات و بەشێک لە پڕۆژەکان دەستبەکار دەبنەوە و بەگەڕدەخرێنەوە.
کامەران کەریم