مه‌حما خه‌لیل: داواکارین هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت، تەحەمولی شەڕێکی تر ناکەین

(0) / جهان


Feb 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

قائیمقامی شنگال رایگەیاند، وەک شنگالییەکان داواکارن هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت هەتا دەرگا نەکەنەوە و بیانو نەدەن بەتورکیا و غەیری تورکیا پیلان و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن و "شنگال تەحەمولی شەڕێکی تر ناکات".

بە پێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، "لەئێستادا دۆزی شنگال بوەتە دۆزێکی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی، شنگال بەشێکە لە عێراق و سەر بەپارێزگای موسڵە، شنگال دەڤەرێکی وێران و جینۆسایدکراوە کێشەی شنگال کێشەیەک نیە لەنێوان پەکەکە و تورکیا بەڵکو کێشەیەکە لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە هیوادارین چارەسەر بکرێت، وەک دەبینین حکومەتی عیراقی بەپێی دەستور دەبێت خۆی بکاتە خاوەنی شەنگال و خەڵکی شنگال".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بەشێکین لەعێراق، وەک خۆمان هیچ دەسەڵاتێکمان نیە حکومەتی بەغدا و پارێزگاری موسڵ دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئێمە وەک شنگالیەکان دەڵێین نابێت یەک کێشە بێتە ناو شنگال، شنگالیەکان دەبێت بگەڕێنەوە نەڕێگە بدرێت برایانی پەکەکە هێرش بکەن و نەڕێگە بدرێت تورکیا هێرش بکاتە سەر شنگال، دۆخی شنگال تەحەمولی هیچ کێشە و شەڕێکی تر ناکات".

مەحما خەلیل باسی لەوەشکرد، "پێشتر رێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدرا لەسەر شنگال بڕیاربو لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئێمە وەک شنگالیەکان داوامانکردوە یەک چەکدار لەسەنتەری شارەکە نەمێنێت وە شنگال ببێتە ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو".

ئەوەشی وت، وەک شەنگالییەکان داواکارن "هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شەنگالدا نەمێنێت هەتا دەرگا نەکەنەوە و بیانو نەدەن بەتورکیا و غەیری تورکیا پیلان و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن، داخوازم لەحکومەتی عێراقیش بەپێی یاسای دەستوری و مرۆڤایەتی خۆیان بکەنە خاوەنی شنگال، چونکە شەنگال تەحەمولی شەڕێکی تر ناکات".