تاران: ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا ئامادەیە

(0) / / ایران / زایەڵە تاران ڤیەننا ئەتۆمی ڕێککەوتن


Feb 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا ئامادەبووە، بەڵام لە سەر سێ بابەت دەبێت لایەنی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا بڕیاری سیاسی بدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ (دووشەممە) لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند کە سەفەری باقری کەنی دانوستانکاری باڵای ئەتۆمی ئێران بۆ تاران بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕاوێژی زیاترە سەبارەت بە دانوستانەکان و ڕێککەوتن.

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بەرپرس و سیاسەتداڕێژی دانوستانەکانی ڤیەننایە و لە ئێستادا ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئامادەکراوە.

ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا لە سەر سێ بابەتی سەرەکی لە دانوستانەکان دەبێ لایەنی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا بڕیاری سیاسی بدەن، لەبەر ئەوەی کە لە هەموو دیدارەکاندا هێڵە سوورەکانی ئێران بۆ لایەنی بەرانبەر ڕوون کراوەتەوە.

بەرپرسە ئێرانییەکە ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا لە خاڵێکدا وەستاوین کە هیچ ناڕوونیەک بە ئەمریکا و ئەرووپا بوونی نییە و هەموو شتێک ئاشکرایە و تاران قبووڵ ناکات هێڵەسوورەکانی ببەزێنرێت و لایەنی ڕۆژئاوایی لەمە زیاتر درێژە بە دانوستانەکان بدەن.