پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری: پەرۆشین بۆ لێکتێگەیشتنى نێو ماڵى شیعە

(0) / / عراق / زایەڵە سەدر پارتی سیادە عێراق


Apr 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکان رایانگەیاند؛ پابەندبوونیان بە هاوبەشییان لەگەڵ فراکسیۆنی سەدرییەکان "دووپاتدەکەنەوە" و پێیانوایە بەبێ بەشداریی سەدرییەکان حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دروست نابێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، پارتی دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانىی سەروەریى سوننەکان ئەمڕۆ هەینى 1ى نیسانى 2022، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند پابەندن بە هاوبەشییان لەگەڵ رەوتی سەدر بەهۆى ئەوەى کە حکومەتێکى بەهێز بەبێ بەشداریی ئەو رەوتە پێکناهێندرێت.

لەبەشێکى راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەڵوێستى موقتەدا سەدر و دەستپێشخەرییەکەی بەرز دەنرخێنین بۆ پەلەکردن لە پێکھێنانى حکومەتێکى بەهێز کە کار لەسەر چارەسەرى دۆسێیە ئاڵۆزەکان بکات کە رووبەڕووى گەلى عێراق دەبنەوە".

پارتى و سەروەريى سوننەکانی جەخت لە "دیالۆگى نیشتیمانى بونیاتنەر" دەکەنەوە دوور لە دەستوەردانى دەرەکى و دەڵێن: "پەرۆشین بۆ لێکتێگەیشتنى نێو ماڵى شیعە و رێکەوتنیان لەبارەى بەربژێرى رەوتی سەدر بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى داهاتوو و خستنەڕووى بەرنامە و میتۆدێکى وەزارى کە گونجاوبێت لەگەڵ دۆخى وڵات و جێگەى پشتگیریی پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان بێت".

 راگەیێندراوەکەی پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکان دوای تویتێکی موقتەدا سەدر هات، کە رۆژی پێنجشەممە 31ى ئادارى 2022  لە تویتێکدا ماوەى 40 رۆژ مۆڵەتی دایە چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ بێ بەشداریى رەوتەکەى و رایگەیاند: "داوا لە برایانم لە رەوتی سەدر دەکەم دەست لەو پرسە وەرنەدەن؛ نە بە چاک و نە بە خراپ".

 رۆژی پێنجشەممە 31ی ئاداری 2022، عاید هیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببنەوە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دەستپێشخەری و تویتەی موقتەدا سەدر کردی.