ئامادەیی مەرجداری هەرێم بۆ چاوخشاندن بە گرێبەستە نەوتییەكان و ڕادەستکردنی هەموو داهاتی نەوت

(0) / / اقتصادی / هەرێمی کوردستان زایەڵە عێراق نەوت بەغدا داهات خاڵی سنووری


Feb 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ خاڵدا وەڵامی پرسیارەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە و دەڵێت، چاو بە گرێبەستە نەوتییەكاندا دەخشێننەوە و ئامادەشن تەواوی بەهای نەوتی هەناردەكراو رادەست بكەن بەو مەرجەی بەغداش سەرجەم پابەندییەكانی بەرامبەر بە هەرێم بهێنێتەدی.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەوەڵامەكانی حكومەتی هەرێمدا بۆ پرسیارەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هاتوە كە حکومەتی هەرێم بە کردەیی دەستیکردوە بە پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانیداو چەند کەناڵێكی ئەنجامدانەوەی دانوستاندنی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە كردۆتەوە كە لە بواری نەوت كاردەكەن ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامەی چاكسازیی دۆسیەی نەوتدا.
جەختیشی كردۆتەوە كە "حکومەتی هەرێم هیچ لارییەکی نییە بۆ پێداچونەوەی گرێبەستە نەوتییەکان بەگوێرەی حوكمەكانی دەستور."
لە خاڵی دوەمی وەڵامەكاندا هاتوە"حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ رادەستکردنی تەواوی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بەو مەرجەی حکومەتی فیدراڵ پابەندبێت بەتەواوی ئیلتیزاماتە نەوتییەكانەوە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو کۆگاکردن و ئەو قەرزە کەڵەکەبوانەی سەر هەرێمەوە كە پەیوەندییان بە دۆسیەی نەوتەوە هەیە. "
هەروەها لە بارەی وردبینیكردنی داتاكانی هەرێمی كوردستانەوە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵەوە حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە كە لارییان نییە لەگرتنەبەری هەمو رێكارێكی وردبینی بۆ داتاكانی هەرێم بەپێی ئەو میكانیزمەی كە لە حوكمەكانی ماددەی 34ی یاسای كارگێڕی دارایی فیدراڵدا هاتون.
دەقی وەڵامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان...
یەکەم: لەبارەی ئامادەکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچونەوەی گرێبەستە نەوتییەکان، دەمانەوێت رونی بکەینەوە كە حکومەتی هەرێم بەکردەیی دەستیکردوە بە پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانیداو چەند کەناڵێكی ئەنجامدانەوەی دانوستاندنی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە كردۆتەوە كە لە بواری نەوت كاردەكەن، ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامەی چاكسازیی دۆسیەی نەوتدا. بۆیە حکومەتی هەرێم هیچ لارییەکی نییە بۆ پێداچونەوەی گرێبەستە نەوتییەکان بەگوێرەی حوكمەكانی دەستور.
دوەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بە رادەستکردنی تەواوی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بەو مەرجەی حکومەتی فیدراڵ پابەندبێت بەتەواوی ئیلتیزاماتە نەوتییەكانەوە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو کۆگاکردن و ئەو قەرزە کەڵەکەبوانەی سەر هەرێم كە پەیوەندییان بە دۆسیەی نەوتەوە هەیە.
سێیەم: لەبارەی کاری دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و وردبینیكردنی داتاکانەوە، حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە لاری نییە لە گرتنەبەری هەمو رێكارێكی وردبینی بۆ داتاكانی هەرێم بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی كە لە حوكمەكانی ماددەی 34، بڕگەی دوەم، بەندی(ب) لە یاسای كارگێڕی دارایی فیدراڵ ژمارە 6ی ساڵی 2019دا، هاتوە.
کۆتایی/.